ئەپ و نەرمەکاڵا
11, تشرینی یەکەم 2023
ئەدۆبی ئامرازێکی نوێی زیرەکی دەستکرد بۆ بەرزکردنەوەی جۆرایەتی وێنەی جووڵاو و ڤیدیۆ پەرەپێدەدات

کۆمپانیای ئەدۆبی ئامرازێکی نوێی پەرەپێداوە کە بە زیرەکی دەستکرد کاردەکات بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی جۆرایەتی(Quality) وێنەی جووڵاو(GIF) و گرتە ڤیدیۆییە جۆرایەتییە نزمەکان. ئەم ئامرازە هێشتا ئەپێک یان تایبەتمەندییەکی تەواو نییە، و هێشتا بەردەست نییە بۆ تاقیکردنەوە، بەڵام پێگەی The Verge ئەم ئامرازەی دیدەنی کردووە و بە ئامرازێکی زۆر باش ناوی دەبات.
پرۆژەکە ناوی Res-Up ـە و تەکنەلۆژیای upsampling بەکار دەهێنێت کە لقێکە لە زیرەکی دەستکرد کە زانیاری(داتا)ی نوێ دروست دەکات بە پشتبەستن بەو زانیارییانەی کە لەسەری ڕاهێندراوە.
ئەم ڤیدیۆی خوارەوە هی فیلمی The Red House ـە کە لە ساڵی 1947 بەرهەم هێندراوە. لای چەپ پێش بەکارهێنانی ئەم ئامرازەیە و لای ڕاست دوای بەکارهێنانی ئامرازەکە. وەک دەبینرێت دوای بەکارهێنانی ئامرازەکە زۆرینەی لێڵیەکان لابردراون و و وردەکاری زیاتر لە قژ و چاوی ئەکتەرەکان دیدەنی دەکرێت.

ئەدۆبی نموونەیەکی دیکەشی پیشان داوە کە ڤیدیۆی بێچووە فیلێکە، لای چەپ ڤیدیۆ ڕەسەنەکەیە و لای ڕاست پاش بەکارهێنانی ئەم ئامرازەیە. وەک دەبینرێت بە شێوەیەکی گشتی جۆرایەتی بەرز کراوەتەوە و وردەکاری وەک چرچی پێستی بێچووە فیلەکە زیاد کراوە.

میران ئەبوبەکر
بەڕێوبەری نووسین لە پێگە و ماڵپەڕی کەی ئای تی ئێن، خوێندکاری کۆلێژی پزیشکی دەرمانسازی.