ئەندرۆید 12, كانونی یه‌كه‌م 2019

ساڵی داهاتوو بۆ یەکەمجار کۆمپانیای BMW سەکۆی Android Auto لە ئۆتۆمبێلەکانیدا بەکاردەهێنێت

لە ساڵانی ڕابردوودا، کۆمپانیای BMW ـی ئەڵمانی تایبەت بە پیشەسازی ئۆتۆمبێل، بە تەنها سەکۆی CarPlay ـی ئەپڵ لە ئۆتۆمبێلەکانیدا بەکاردەهێنا. بەڵام لەمەودوا سەکۆی Android Auto ـیش وەکو بژاردەیەک لە ئۆتۆمبێلە نوێیەکانی کۆمپانیا ئەڵمانییەکەدا بوونی دەبێت.

دوێنێ کۆمپانیا ئەڵمانییەکە ڕایگەیاند کە لە مانگی 7 ـی ساڵی داهاتووەوە سەکۆی Android Auto ـی کۆمپانیای گووگڵ لە نوێترین جۆری ئۆتۆمبێلەکانیدا بەکاردەهێنێت. هەر ئەمەش نا، بەڵکو سەکۆکە بێ وایەر پەیوەندی لەگەڵ مۆبایلدا دەبەستێت لە جێگەی وایەر. بەمەش سەکۆی Android Auto لە پاڵ سەکۆی CarPlay ـی ئەپڵ لە نوێترین مۆدێلی ئۆتۆمبێلەکانی کۆمپانیای BMW ـدا بوونی دەبێت.

سەکۆیەکە بۆ وەشانی 7.0 ـی سیستەمی iDrive ـی تایبەت بە ئۆتۆمبێلەکانی BMW زیاد کراوە، بەمەش سەکۆی Android Auto لە مۆدێلەکانی 2019 و 2020 ـی جۆرەکانی 3 Series و 5 Series و 7 Series و 8 Series و هەریەکە لە جۆرەکانی X3 و X5 و X5 ـیشدا بەردەست دەبێت.

کۆمپانیای BMW یەکێکە لەو کۆمپانیایانە کە بەم دواییە بەکارهێنانی سەکۆی Android Auto ـی وەکو بژاردەیەک لە ئۆتۆمبێلەکانیدا ڕاگەیاند، بە تایبەتی لە دوای ئەوەی کە کۆمپانیای Toyota ـی ژاپۆنی ڕایگەیاند سەکۆی Android Auto لە ئۆتۆمبێلەکانی ساڵی داهاتوویدا لە پاڵ CarPlay ـدا بەردەست دەبێت.

هۆکاری ئەوەی کە بۆ ماوەیەکی درێژ کۆمپانیای BMW بە تەنها سەکۆی CarPlay ـی لە دواین مۆدێلی ئۆتۆمبێلەکانی بەردەست کردبوو، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە زۆرینەی کڕیارانیان خاوەن مۆبایلی ئایفۆنی ئەپڵن.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ