ئەپڵ 5, كانونی یه‌كه‌م 2019

دەنگۆ: ئایفۆنەکانی ساڵی 2021 خاوەن هیچ دەرچەیەکی بارگاویکردنەوە نابن

هێشتا نزیکەی 10 مانگێک ماوە بۆ ڕاگەیاندنی ئایفۆنە نوێیەکانی ساڵی داهاتوو، بەڵام دەنگۆکان ئەوە نازانن و بەرەو داهاتوویەکی دوور دەڕوانن.

لە نوێترین ڕاپۆرتی پێشبینیکەری بەناوبانگ Ming-Chi Kuo لە لایەن پێگەی 9To5Mac ـدا، ڕایگەیاندووە کە ئەپڵ بە یەکجاری دەرچەی بارگاویکردنەوەی Lightning لە ئایفۆنەکانی ساڵی 2021 لە ناو دەبات، بەڵام USB-C نابێتە جێگرەوەیەکی دەرچەکە، بەڵکو بە تەواوی دەرچەیەک نامێنێت بە ناوی دەرچەی بارگاویکردنەوە و بەمەش ئایفۆنەکان دەبنە ئامێرێکی بێ دەرچە.

ئەم گۆڕانکارییە دەبێتە گۆڕانکارییەکی گەورە بۆ ئەپڵ، چونکە لەوەتی ساڵی 2013 و ڕاگەیاندنی iPhone 5 ـەوە، کۆمپانیا ئەمریکییەکە دەرچەی جۆری Lightning بۆ بارگاویکردنەوەی ئایفۆن و بەشێک لە ئامێرەکانی دیکەی بەکار دەهێنێت. بەڵام ئەپڵ بیرۆکەیەکی دیکەی هەیە و دەیەوێت کرداری بارگاویکردنەوە و هاودەمیکردنی زانیارییەکانی ئایفۆنەکان بە تەواوەتی بکات بە بێوایەر و هیچ دەرچەیەک نەهێڵێتەوە.

وەک ئاشکرایە، نزیکەی 2 ساڵمان ماوە بۆ 2021 و ئایفۆنەکانی ساڵی 2020 هێشتا ئاشکرا نەکراون، بەڵام Kuo هیچ شتێک بە شاراوەیی ناهێڵێتەوە و وا دیارە دەزانێت ئەپڵ چی دەکات.

ڕەنگە هەوادارانی دەرچەی USB-C بە هیچ جۆرێک ئەمەیان بەدڵ نەبێت، چونکە بە مێشکی هیچ کەسێکدا نایات ئەپڵ لە دەرچەی Lightning ـەوە باز بدات بۆ لابردنی تەواوەتی دەرچەکە.

بەڕێز Ming-Chi Kuo لە ماوەی ڕابردوودا ڕایگەیاند کە پێشبینی دەکرێت ئایفۆنەکانی ساڵی داهاتوو پشتگیری لە نەوەی پێنجەمی پەیوەندی 5G بکەن، هەروەها 4 جۆری بە قەبارەکانی 5.4 و 6.1 و 6.7 ئینج و جۆرێکی بچووکتر بە ناوی iPhone SE بە قەبارەی 4.7 ئینجەوە لێ بەردەست بکرێت.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ