ئاسایشی ئەلیکترۆنی 25, نیسان 2020

شارەزایان دەڵێن ئەپی Mail ـی ئەپڵ خاوەن کەلێنی ئاسایشییە، ئەپڵیش ئەمە ڕەت دەکاتەوە

شارەزایانی ئاسایشی ئاشکرایان کردووە کە ئەپی Mail ـی سیستەمەکانی ئەپڵ خاوەن کەلێنی ئاسایشییە، بەڵام ئەپڵ هەبوونی شتێکی وەها ڕەت دەکاتەوە.

تیمی ئاسایشیی ZecOps لە بڵاوکراوەیەکدا ڕایانگەیاندووە کە کەلێنێکیان لە ئەپی Mail ـی سیستەمەکانی ئەپڵدا دۆزیوەتەوە کە ڕێگە بە هاککەران دەکات بە ئاسانی دزە بکەنە نێو ئامێرەکانی ئەپڵەوە. تیمەکە دەڵێت هەر بە هۆی ئەم کەلێنەوە 6 کەس بە ئامانج کراون، کە یەکێکیان کارمەندی باڵای کۆمپانیایەکی پەیوەندی وڵاتی ژاپۆن بووە.

هەروەها تیمەکە دەڵێت ئەم کەلێنە نوێ نییە و تەنها لە iOS 13 ـدا بوونی نییە، بەڵکو لە ساڵی 2012 و لە وەشانی iOS 6 لە ئەپەکەدا بوونی هەیە و ئەپڵ درکی پێ نەکردووە.

تاوەکو ئەم کاتە، پێناچێت کەلێنەکە کرابێکە ئێکسپڵۆیت و گشتی کرابێت، هەر ئەمەش هۆکاری ئەوەیە کە پرسیار بۆ ئەندامانی پڕۆژەی سایبەرسیکوریەتی Project Zero ـی گووگڵ درووست بکات لەسەر ڕاستی و درووستی ئەمە.

بە پێی تیمەکە بێت، ئەم کەلێنە زۆر مەترسیدارە و پێویست بە داگرتن یاخود کردنەوەی هیچ بەستەرێک ناکات لە نێو ئیمەیڵەکان بۆ هاککردنی ئامێرەکەت، بەڵکو هەر بە کردنەوەی خودی ئیمەیڵەکە، ئەوا هاککراویت.

ئەپڵ سەبارەت بەم باسە دەڵێت هیچ کەلێنێکی لەو جۆرەیان لە ئەپی Mail ـی ئایفۆن و ئایپادەکاندا نەدۆزیوەتەوە کە لە لایەن هاککەرانەوە بکرێتە ئامانج و هەبوونی کەلێنێکی وەها ڕەت دەکاتەوە.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ