ئەپڵ
14, ئازار 2024
بەکارهێنەرانی ئایفۆن لە یەکێتی ئەوروپا دەتوانن ئەپلیکەیشن لە وێبسایتەکانەوە ڕاستەوخۆ داونڵۆد بکەن

ئەپڵ گۆڕانکارییەکی دیکەی گرنگی بۆ بەکارهێنەرانی ئایفۆن لە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا ڕاگەیاند کە بریتییە لە توانای داونڵۆد کردنی ئەپلیکەیشن لە دەرەوەی ئەپ ستۆر و ڕاستەوخۆ لە وێبسایتەکانەوە. ئەم بڕیارە بڕیارێکی سەختە بۆ کۆمپانیای ئەپڵ لەبەر ئەوەی کۆمپانیاکە چەندین ساڵە ڕێگری لەمە دەکات بۆ پاراستنی ئاسایشی بەرهەمەکانی، بەڵام بەهۆی یاسا نوێیەکانی یەکێتی ئەوروپا، ئەپڵ ناچارە ئەم هەنگاوە جێبەجێ بکات. ئەپڵ هەفتەی ڕابردوو ڕێگەیدا کە جێگرەوەی ئەپ ستۆر لە لایەنی سێیەمەوە بوونی هەبێت لەگەڵ وەشانی iOS 17.4 و ئێستاش ڕێگەدەدات کە ستۆدیۆییەک کاتێک ئەپێک یاخوود یارییەک درووست دەکات، لەسەر ستۆرە تایبەتەکەی خۆی بەردەستی بکات و لە ئەپ ستۆر ئەو ئەپ و یارییە بەردەست نابێت.
بڵاوکردنەوە و بەردەست خستنی ئەپەکان لە وێبسایتەکان لە لایەن گەشەپێدەرەکانەوە ئاسان نابێت لە یەکێتی ئەوروپا و دەبێت پەیڕەوی چەند یاسایەکی ئەپڵ بکەن. لەوانە بریتییە لە بوون بە ئەندامی بەردەوام لە پرۆگرامی گەشەپێدەرانی کۆمپانیای ئەپڵ بۆ ماوەی 2 ساڵ یاخوود زیاتر، بوونی ئەپێک لە لایەن هەمان گەشەپێدەرەوە کە 1 ملیۆن داونڵۆد کردن و زیاتری هەبێت لەسەر ئەپ ستۆر لە ماوەی ساڵی ڕابردوو لە یەکێتی ئەوروپا و پابەند بوون بە بڵاوکردنەوەی سیاسەتی کۆکردنەوەی زانیاری بەکارهێنەر.
میران ئەبوبەکر
بەڕێوبەری نووسین لە پێگە و ماڵپەڕی کەی ئای تی ئێن، خوێندکاری کۆلێژی پزیشکی دەرمانسازی.