بابەتی گرینگ
20, شوبات 2023
7 فەرمانی دەنگی سیری لە ئایفۆن کە ڕەنگە تا ئێستا نەتزانیبێت

سیری یاریدەدەرێکی کەسییە و لەسەر سیستەمە جیاوازەکانی کۆمپانیای ئەپڵ بەردەستە. ئەم ئامرازە ئاسانکاریت بۆ دەکات بۆ ئەوەی بە زووی کارەکانت ئەنجام بدەیت، ئەمەش تەنیا بە بەکارهێنانی دەنگت ئەو کارەکە ئەنجام دەدا. وەک، ناردنی نامەیەکی کورت بە خێرایی لە کاتی لێخوڕینی سەیارەدا یان زانینی کەشوهەوا، بەڵام بیرت نەچێت سیری توانای زیاتری هەیە.
کۆمپانیای ئەپڵ ساڵانە فەرمانی دەنگی زیاتر زیاد دەکات بۆ سیری. بۆ نمونە، لە iOS 16 دەتوانیت تەنیا بە دەنگی خۆت ئامێرەکەت ڕیستارت بکەیەوە.
ئەگەر دەتەوێت زیاتر بزانیت کە سیری دەتوانێت چیت بۆ بکات تەنیا بە دەنگت، سەیری ئەم حەوت فەرمانە دەنگییە شاراوەی سیری بکە بۆ زیاتر سودمەندبوون لێی.
١- ریستارتکردەوەی ئامێرەکەت
لەوانەیە زۆر جار تووشی کێشە ببیت لە بەرنامەکانی ئامێرەکەت وەک داخستن و کڕاش کردن هەندێک جار پێویستە مۆبایلەکەت ڕیستارت بکەیتەوە. بۆ ئەمەش پێویست ناکات ڕێگا کۆنەکان بەکاربهێنیت چونکە لە ئێستادا لە iOS16 تەنیا بە دەنگت بە سیری بڵێ “Restart my phone” و دواتر بڵێ “Yes” بە شێوەیەکی زۆر خێرا و ئاسان فەرمانەکە ئەنجام دەدات.
٢- کوژاندنەوە و ناچالاککردنی زەنگی لەخەوهەستان
لەوانەیە شەو زەنگت دانابێتەوە و مۆبایلەکەت لە شوێنێکی دانابێت وەک ژێر بەتانییەکەت یان لە شوێنێکی بەرز کە نەتوانیت بۆ بەیانییەکەی بیدۆزیتەوە و بیکوژێنیتەوە. ئەگەر ڕاینەگریت ئەوا بۆ ماوەی ١٥ خولەک بەردەوام دەبێت و بێزارت دەکات، بەڵام ڕاگرتنی ئەوە لەگەڵ سیری زۆر ئاسانە تەنیا بە سیری بڵێ “Turn off my alarm” یان دەتوانیت تەنیا بڵێیت “Hey Siri” ئەویش زەنگەکە لە لێدان ڕادەگرێت.
٣- وەرگێڕانی وشەیەک یان ڕستەیەک بۆ زمانێکی تر
جگە لە ئەپی سەربەخۆی ئایفۆن بەناوی Translate، ئەوا دەتوانیت بەهۆی سیریەوە بە خێرایی وەرگێڕان بکەیت لە زۆربەی شوێنەکانی ئامێرەکەتەوە ، لەوانەش لەناو کورتەنامەکان، لە وێبگەڕەکەت…هتد. بۆ نموونە دەتوانی بڵێ “Translate ‘My head hurts. I think I’m going to sleep’ in Spanish”
دواتر سیری ڕستەکەت بۆ وەردەگێڕێت بۆ ئەو زمانەی کە دەتەوێت، بەڵام تەنیا پشتگیری ١٧ زمان دەکات.
٤- لە شوێنەی کە مەبەستتە ئاگادارت دەکاتەوە کە چی بکەیت
ئەپی Reminders لە ئامێرەکەتدا ئامرازێکی بەسوودە کە یارمەتیت دەدات لە بیرت بێت کە پێویستە بە درێژایی ڕۆژ چی بکەیت، وەک پەیوەندی تەلەفۆنی، ناردنی ئیمەیل یان کڕینی ئۆنلاین، بەڵام پێویست ناکات لە هەموو کاتێکدا هەموو شتێک بنووسیت، تەنیا دەتوانیت سیری بەکاربهێنیت بۆ ئەوەی ئاگادارت بکاتەوە بۆ ئەوەی چی بکەیت بە پشتبەستن بە شوێنەکەت.
بۆ نموونە، ئەگەر دەتەوێت بیرت بخاتەوە کە پێویستە لە کاتی گەیشتن بە ماڵەوە پێویستە پارەی ئینتەرنێتەکەت بدەیت، بە سیری بڵێ “Remind me to pay my internet bill when I get home” و ئاگادارکردنەوەیەک دروست دەبێت و کاتێک دەگەیتە ماڵەوە ئاگادارکردنەوەیەکت بۆ دێت، بەڵام پێویستە ئاگادارکەرەوەکان و نەخشەت داگیرساندبێت.
٥- ڕێنمایت دەکات بۆ دۆزینەوەی ئۆتۆمبێلەکەت
لە فڕۆکەخانەیەک وەستاویت و شوێنی ئۆتۆمبێلەکەت ون کردووە؟ دەکرێت دۆزینەوە ئۆتۆمبێلەکەت قورس بێت بەتایبەت ئەگەر لەگەڵ سەدان ئۆتۆمبێلی تردا لە گەراجێکی گەورەدا بێت. خۆشبەختانە دەتوانیت بزانیت کە ئۆتۆمبێلەکەت لە کوێ وەستاندووە تەنیا پێویستە پرسیار لە سیری بکەیت.
بڵێ “Get my directions to my car” و سیری ئەپڵیکەیشنی نەخشەکان دەکاتەوە و ڕێنماییت دەکات بۆ ئەو شوێنەی کە پێی وایە ئۆتۆمبێلەکەت لەوێیە. سیری بەدواداچوون بۆ ئەوە دەکات کە ئایفۆنەکەت بە چ ئامێرێکی ناو ئۆتۆمبێلەکەت بەستراوەتەوە.
٦- بە خێرایی وشە نهێنیە هەڵگیراوەکانی ماڵپەڕ و ئەپەکان دەدۆزێتەوە
دەتوانیت ناوی بەکارهێنەر و وشەی نهێنی خۆت لە ئامێرەکەتدا پاشەکەوت بکەیت، لە ڕێگەی Keychainـی ئایکلاودەوە. لە مۆبایلەکەتدا، دەتوانی بچیتە Settings > Passwords و وشە نهێنییەکان ببینیت، بەڵام لەگەڵ سیری خێراتر دەستت پێیان دەگات. بۆ نموونە دەتوانیت بڵێیت “Show me the password for (facebook)” و بە شێوەیەکی خۆکارانە نیشانت دەدات. پێش ئەوەی بتوانیت وشە نهێنییەکە ببینیت، پێویستە Face ID یان Touch ID بەکاربهێنیت.
٧- دۆزینەوەی ئەندامانی خێزانەکەت یان هاوڕێکانت لەڕێگەی Find My
تایبەتمەندی Find My ڕێگەت پێ دەدات نەک تەنیا ئامێرەکەت بەڵکو هاوڕێ و خێزان و کەسە خۆشەویستەکانت بدۆزیتەوە. دەتوانیت Siri بەکاربهێنیت بۆ ئەوەی بە خێرایی بزانی شوێنی کەسێک لە کوێیە. بڵێ “Where is (contact name)?” و پەنجەرەیەکی بچووکی Find My لە سەرەوەی شاشەکەدا دەردەکەوێت، نیشانت دەدات کە کەسەکە لە کوێیە و چەند لە تۆوە دوورە، ئەمە کاتێک ئەنجامی دەبێت ئەگەر لەگەڵ ئەو کەسە لە ڕێگەی خزمەتگوزاری Find my شوێنی یەکترتان هاوبەشی پێ کردبێت.
ئەمانەی سەرەوە ٧ دانە فەرمانی گرنگ بوون کە دەکرێت لە سیری بکەیت و کارەکانت بۆ ئەنجام بدات، بەڵام بیرت نەچێت بە سەدان فەرمانی تر هەیە کە دەتوانیت لە سیری بکەیت و بۆت ئەنجام بدا. هەندێک لەم فەرمانانەن لەم لینکە بەردەستن. کرتە بکە.