ئەپڵ
10, ئەیلوول 2024
ئایفۆن 16 پڕۆ ڕوونمایەکی گەورەتر، چیپسێتەکەی باشترە و پاترییەکەی بەرگەی زیاتر دەگرێت
ئەپڵ ئایفۆن 16 پڕۆی بە ڕوونمای گەورەتر، چیپسێتی Apple A18 Pro و کۆمەڵێک تایبەتمەندی نوێی ڤیدیۆ تۆمار کردن و پاترییەکی باشتر نمایش کرد.
ئایفۆنە ئاست بەرزەکانی ئەمساڵ ڕوونمایان گەورەتر کراوە، جۆری پڕۆ قەبارەی بووە بە 6.3 ئینج و جۆری پڕۆ ماکس بووە بە 6.9 ئینج (بەراورد بە نەوەی پێشووتر کە جۆری پڕۆ 6.1 ئینج بوو، هەورەها جۆری پڕۆ ماکس 6.7 ئینج بوو.) هەروەها تەنکترین چوارچێوەی ڕەشی هەیە لە نێو هەموو بەرهەمەکانی ئەپڵدا و بەهەمان شێوە لاشەکەی لە تیتانیۆم دروست کراوە.
ئایفۆن پڕۆی نوێ چیپسێتی Apple A18 Pro لەسەر جێگیر کراوە، کە 16 ناووکی Neural engine لە خۆ دەگرێت و بە شێوەیەکی زۆر باش دەتوانێت تایبەتمەندییەکانی ژیری دەستکردی Apple Intelligence کار پێ بکات و %15 خێراترە لە نەوەی پێشووتری. هەروەها گرافیکی بە ڕێژەی %20 باشتر کراوە بەروارد بە نەوەی پێشووتری.
سێ کامێرا لە خۆ دەگرێت، کامێرای سەرەکی ڕوونی 48 مێگاپیسکڵە، ئەپڵ بە Fusion camera ناوزەندی دەکات، لەگەڵ کامێرایەکی نوێی گۆشە فراوان بە ڕوونی 48 مێگاپیسکڵ و کامێرایەکی 12 مێگاپیسکڵی بۆ تێلەفۆتۆ، کە ئەمساڵ جۆری پڕۆش توانای پێنج هێندە نزیککردنەوەی هەیە بە بێ لە دەست دانی ڕوونی. بەهەمان شێوەی جۆرە ئاساییەکان، دووگمەی Camera Control لە خۆ دەگرێت بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی کامێراکان، هەروەها ئەپڵ ڕایگەیاند کە لە کۆتایی ئەمساڵدا بە نوێکارییە تایبەتمەندی two-stage Shutter بۆ زیاد دەکەن.
:format(webp)/cdn.vox-cdn.com/uploads/chorus_asset/file/25612665/Apple_iPhone_16_Pro_camera_system_240909.jpg)
ئەپڵ تایبەتمەندی Photo Styles ڕاگەیاند، کە دەتوانیت دەستکاری ڕەنگی وێنەکان بکەیت، هەروەها توانای هەیە بە ڕوونی 4K و 120 وێنە لە چرکەیەکدا ڤیدیۆ تۆمار بکات و دەتوانیت دەستکاری خێرایی ڤیدیۆکان بکەیت.
ئەپڵ کاری لەسەر لایەنی دەنگی ئایفۆنەکانیش کردووە، کە چوار مایکی Studio Quality لەسەر جێگیر کردوون بۆ تۆمار کردنی دەنگی Spatial Audio لەو کاتانەی کە ڤیدیۆی Spatial Video تۆمار دەکرێت.
ئەپڵ دەڵێت ئایفۆن 16 پڕۆ ماکس خاوەنی باشترین پاترییە لە نێو هەموو ئایفۆنەکان لە مێژوودا، کە ئەمەش بەهۆی گونجاندنی پارچەکانی ناوەوەی مۆبایلەکەیە لەگەڵ چیپسێتەکەی. پاتری ئایفۆن 16 پڕۆ ماکس توانای کارپێکردنی 33 کاتژمێر لە ڤیدیۆ هەیە، لە کاتێکدا ئایفۆن 16 پڕۆ توانای 27 کاتژمێر لە کارپێکردنی ڤیدیۆ هەیە.
:format(webp)/cdn.vox-cdn.com/uploads/chorus_asset/file/25612586/Screenshot_2024_09_09_at_11.35.13_AM.png)
نرخی جۆری پڕۆ بریتییە لە 999 دۆلار بۆ بیرگەی 128 گێگابایت و نرخی جۆری پڕۆ ماکس بریتییە لە 1,199 دۆلار بۆ بیرگەی 256 گێگابایت.
موحەمەد نەجات
نوسەری پێشکەوتوو لە ماڵپەڕی کەی ئای تی ئێن، دەرچووی بەشی سیستەمی زانیاری کارگێڕی.