ئامێرە هەمەجۆرەکان
2, کانوونی یەکەم 2024
بانیۆ لەبیر بکەن، ئامێری مرۆڤ شۆر لە ڕێگایە
کۆمپانیایەکی ژاپۆنی بە نمایش کردنی ئامێرێکی داهێنەرانە سەرەنجی خەڵکی بۆخۆی ڕاکێشا. ئەو داهێنانە بە دەستکەوتێکی سەرنجڕاکێش لە پیشەسازیی دروستکردنی ئامێری گەرماو دادەنرێت. کۆمپانیای Science لە بواری بەرهەمهێنانی کەرەستەکانی گەرماو کار دەکات و ناوەندەکەی لە ئۆساکایە و بەرهەمێکی بەناوی Mirai Ningen Sentakuki، (ئامێری مرۆڤ شۆردنی داهاتوو)، نمایش کردووە.
ئامێرەکە شێوەی لە کابینی فڕۆکەوان دەچێت و بە شێوازێک دیزاین کراوە کە بە دانیشتنی کەسێک لە ناویدا، پڕ دەبێت لە ئاو. هەستەوەری جیاوازی تێدا گونجێندراوە. بۆ نمونە، هەستەوەری پارامێتەرەکانی بایۆلۆژی وەکو لێدانی دڵی تێدایە کە پلەی گەرمی ئاو، لەگەڵ لەش ڕێکدەخات بۆ ئەوەی کە ئەزموونێکی خۆش بۆ بەکارهێنەر دروست بکات. هەروەها پیشاندانی وێنە لەسەر چینی ڕوونی ناوەوە هەستی ئارامی دروست دەکات.
لە ئێستادا ئامێرەکە لە ئۆساکای ژاپۆن لە پێشانگایەک بەردەستە بۆ سەردانیکەران و ڕۆژانە تاوەکو هەشت کەس بە داواکاری پێشوەختە، دەتوانن لە ئامێری مرۆڤ شۆردا گەرماو بکەن. پێشبینی دەکرێت ئامێرەکە لە ساڵانی داهاتوودا جێگای ڕێگاکانی تری خۆشۆردن بگرێتەوە بەهۆی چەند هۆکارێک وەکو کەمتر بەفیڕۆدانی ئاو و ئاسوودەیی لە بەکارهێناندا بەتایبەت بۆ کەسانی بەساڵاچوو.