ژینگە و تەکنەلۆژیا
10, کانوونی یەکەم 2024
چین دەتوانێت 100,000 تەکسی هەوایی و ئۆتۆمبێلی فڕیو تاوەکو 2030 بەردەست بخات

گروپی بازرگانی چینی پێشبینی دەکات تاوەکو 2030 زیاتر لە سەد هەزار ئۆتۆمبێلی فڕیو و تەکسی ئاسمانی کارەبایی لە ئاسمانەکانی ئەو وڵاتە لە فڕین دابن. بە گشتی چین دەیەوێت ببێت بە دابینکەری سەرەکی فڕۆکە ڕاستەفڕە کارەباییەکان (evtol) لە وڵاتە بەرەوپێشچووەکانی ئاسیا و تەنانەت ژاپۆنیش.
بەپێی ڕاپۆڕتی Robb Report، چین بۆ گەیشتن بە ئامانجی سەد هەزار تەکسی فڕیو، ڕێگایەکی دوور و درێژی لە پێشە و ئەوە پێویستی بە دروست کردنی دامەزراوە و ژێرخانی جۆراوجۆری زۆر هەیە. هەڵبەت هەر ئێستاش تا ڕادەیەک توانیویەتی بازاڕەکەی بباتە دەروەی وڵات؛ بۆ نمونە AutoFlightی پەرەپێدەری چینی بەرهەمەکانی evtol، هەفتەی ڕابردوو یەکێک لە نمونەکانی سەرەتایی خۆی بۆ یەکەمجار لە ژاپۆن بە هاوکاری لەگەڵ دامەزراوەی ناحکومی فڕۆکەوانی MASC تاقیکردەوە.

هەروەها کۆمەڵەی ئابووری فڕینی نەویی چین ڕایگەیاند: ئێستا ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی کە دەتوانن بار هەڵگرن، لە بەرزی نزیکەی 3000 پێ تا دووری 1600 کیلۆمەتر لە تاقیکردنەوەدان. بێگومان پێشبینی دەکرێت کە لە داهاتوودا فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بەشێکی سەرەکی هاتووچۆی ئاسمانی پێکبهێنێت کە جگە لە بەکارهێنانی کەسی بۆ خزمەتگوزارییە پزیشکیەکان و فریاگوزاریەکانیش بەکاردەهێنرێن.
هێشتا نازانین ئایا چین لە ڕاستیدا دەتوانێت تا ساڵی 2030 سەد هەزار ئۆتۆمبێلی کارەبایی فڕیو بەدەستبهێنێت یان نا، بەڵام چین یەکەم وڵاتە کە eVTOLs ی وەک پیشەسازییەکی گەشەسەندوو کردۆتە ئامانج و حکومەت وەبەرهێنانی زۆری تێدا کردووە.