بابەتی گرینگ
15, کانوونی دووەم 2025
ماڵپەڕی کوردی ژیری دەستکرد بۆ تەکنەلۆژیای زمان کەوتە کار + چاوپێکەوتن لەگەڵ خاوەن پڕۆژە + ڤیدیۆ

بە شانازییەوە مزگێنی دەدەین کە لە چەند رۆژی رابردوودا یەکەمین ماڵپەڕی کوردی لە بواری ژیری دەستکرد و تەکنۆلۆژیای پەیوەست بە زمان بۆ خزمەتی زمانی کوردی و بەکارهێنەران کەوتەکار.
ماڵپەڕی ژیریی دەستکرد (www.jiridastkrd.com) ماڵپەڕێکی تایبەت بە تەکنەلۆژیایی پەیوەست بە زمانە و لەلایەن بەڕێز د. ئاران ئەمینی، توێژەری پۆست دکتۆرا لە بواری زانستی کۆمپیوتەر، کە لە ئێستادا نیشتەجێی شاری لۆمانی فەڕەنسایە، دامەزراوە. ئامانجی ماڵپەڕەکە ئەوەیە کە سەرچاوەکان، تەکنۆلۆژییەکانی ناسینەوەی ئاخاوتن و وەرگێڕانی راستەوخۆی دەنگ، بۆ سەرجەم زاراوەکانی کوردی دابین بکات.

د. ئاران دامەزرێنەری سەکۆی ژیریی دەستکرد، لە ناساندنی ماڵپەڕی ژیریی دەستکرد دا ڕایگەیاند:
“بە مەبەستی دابین کردنی گشتگیری تەکنەلۆژیای پەیوەست بە زمان بۆ سەرجەم زاراوەکانی زمانی کوردی، دامەزرانی پلاتفۆرمێکی نوێی پەرەدانی تەکنەلۆژیایی پەیوەست بە زمان بە ناوی ژیریی دەستکرد ڕادەگەیەنین. ئامانجی ئەم پلاتفۆرمە ئەوەیە کە زیاتر پەرە بە تەکنەلۆژیایی پەیوەست بە زمانی کوردی بدەین”.
بینەری ڤیدیۆی تایبەتی کەی ئای تی ئێن بن لەسەر ماڵپەڕی ژیری دەستکرد:
لە ئێستادا چەند خزمەتگوزاریەکی نایاب لە ماڵپەڕی JiriDastkrd بۆ بەکارهێنەران بەردەستن:
وەرگێڕانی دەنگ: بۆ یەکەمین جار لە مێژووی زمانی کوردیدا، تەکنۆلۆژیای وەرگێڕانی راستەوخۆی دەنگی زمانی کوردی بۆ سەر زمانی ئینگلیزی پەرەی پێدراوە و ئێستا بۆ بەکارهێنەران بەردەستە. بەکارهێنەر دەتوانێت بە زمانی کوردی قسە بکات و لە ئێدیتۆرێکی دابینکراودا (دەستکاریکەری نوسین) قسەکانی بە شێوەی نووسراو بە زمانی ئینگلیزی ببینێت و بە شێوەی فایلی وۆرد، نووسراوە وەرگێڕدراوەکان پاشەکەوت بکات.
تایپی راستەوخۆ: خزمەتگوزاری تایپی راستەوخۆ وەک دووەمین بەرهەم لەم سەکۆیەوە پێشکەش دەکرێت و چالاکە. لە ڕێگەی تایپی ڕاستەوخۆوە بەکارهێنەر دەتوانێت بەردەوام قسە بکات و لە ئێدیتۆری دابینکراودا پێداچوونەوە بۆ دەقەکانی بکات و بە فۆڕماتی وۆرد نووسراوەکانی پاشەکەوت بکات. خاڵی گرینگی ئەو بەشە وردبینیەکەیەتی. بە پێی تاقیکردنەوەکانی ماڵپەڕەکە، سیستەمی ناسینەوەی ئاخاوتن، وردبینییەکەی بۆ کوردی پەتی لە شوێنی بێدەنگ %99 واتە لە هەر سەد پیت، ٩٩یان بە دروستی دەناسێتەوە.
تایپی پەڕگە: سێیەم خزمەتگوزاری کە لە قۆناغی یەکەمدا خراوەتە بەردەستی بەکارهێنەران، تایپی پەڕگەیە. لە ڕێگەی ئەم خزمەتگوزارییەوە بەکارهێنەر دەتوانێت فایلی دەنگ یان ڤیدیۆ بە فۆڕماتی جیاجیا بنێرێت و ڕاستەوخۆ دەقەکەی وەربگرێتەوە.
بەشی بڵاوکراوەی زانستی: بە مەبەستی دەوڵەمەندکردنی زیاتری زمانی کوردی لە بوارە نوێیەکانی زانست و ئەندازیاری بەردەستە و بابەتی تێدا بڵاو دەکرێتەوە.
سەرچاوەی زمانی: جێگای ئاماژەیە کە جیا لە بەرهەم و خزمەتگوزارییەکان، ئەو سەکۆ نوێیە هەوڵ دەدات کە بناخەکانی زمانی کوردی لە بواری تەکنۆلۆژیدا پتەوتر بکات و بۆ ئەو مەبەستە لە کۆمەڵێک پڕۆژەی بناخەییدا سەرچاوە پێویستەکانی زمانی کوردی (کە لە ئێستادا 170کاتژمێر دەیتای دەنگی لەگەڵ نووسراوەی ئەو دەنگانە بە زمانی ئینگلیزی و لە هەمان کاتدا وەرگێڕدراوی کوردی ئەو دەنگانە لەخۆ دەگرێت)، بێبەرامبەر و بە شێوەی سەرچاوەکراوە OpenSoursceدەخاتە بەردەستی سەرجەم توێژەران و زانکۆکان.
جارێ خزمەتگوزارییەکان تەنیا بۆ زاراوەی سۆرانی بەردەستن و زاراوەی کورمانجی لە ژێر پەرەپێدان دایە و لە چەند مانگی داهاتوودا ئەویش بەردەست دەخرێت. لە داهاتوویەکی نزیکدا و بە دابین کردنی دەیتا و سەرچاوەی پێویست، خزمەتگوزاریەکان زۆرتر دەبن و بۆ سەرجەم زاراوەکانی کوردی بەردەست دەبن.
خزمەتگوزاریەکان بێبەرامبەر بۆ بەکارهێنەران بە شێوەی سنووردار بەردەستە و تەنیا بە دروست کردنی هەژمارێک دەتوانیت کەڵک لە خزمەتگوزاریەکانی ئەو ماڵپەڕە وەربگریت. دوای تێپەڕاندنی سنووری بێبەرامبەر، بە نرخێکی یەکجار کەم خزمەتگوزارییەکان بەردەست دەبن. بەستەری ماڵپەڕی ژیری دەستکرد: کرتە بکە.
لە درێژەدا سەرنجتان رادەکێشم بۆ گفت و گۆیەکی گرینگی تایبەت بە Kitn لەگەڵ د. ئاران ئەمینی، دامەزرێنەری پڕۆژەی ژیری دەستکرد. بەڕێزیان سەبارەت بە کێشە و مەترسییەکانی سەر زمانی کوردی لە جیهانی دیجیتاڵ، ئاستەنگەکان، هۆکارەکان و رێکارەکان، ئامانجی پڕۆژەی ژیریی دەستکرد و ئەرکەکانی سەرشانی ئێمەی بەکارهێنەر دەدوێت:
١- بەڕای ئێوە هەبوونی زمانێک لەسەر ئینتەرنێت و بوارە جیاوازەکانی زانست و تەکنۆلۆژیا، تا چەندە کاریگەرە بۆ زیندوو مانەوە و نەفەوتانی؟
بایەخی هەر زمانێک دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ئەرکانەی کە ئەو زمانە جێبەجێی دەکات. سنووردارکردنی ئەرکەکانی زمان لە بایەخی کەم دەکاتەوە و بەرە بەرە لای بەکارهێنەرانی سووکی دەکات. ئەوەش وا دەکات لە ئەنجامدا بەکارهێنەرانی کەمتر بایەخی پێ بدەن و کەمتر پێی بدوێن و کەمتر پێی بنووسن. فەوتانی زمانیش واتە فەوتانی ئاخێوەرانی. مادام ئاخێوەران زمانەکەیان بە سوود نەبینی و بەکاریان نەهێنا، ئیتر ئەو زمانە بە فەوتاو و مردوو ئەژمار دەکرێت. هەر بەم هۆیەیە کە داگیرکەرانی کوردستان، ئەگەر لە جێیەکدا نەیانتوانیوە بە تەواوەتی زمانەکە قەدەغە بکەن، ئەوا ئەرکەکانیان سنووردار کردووە، تاکوو ئاخێوەرانی کورد بۆخۆیان بە مردنی زمانەکەیان ڕازی ببن. کاتێک دەڵێین بوارە جیاجیاکانی زانست و تەکنەلۆژی، بازنەیەکی بەرفراوان لە ئەرکەکانی زمان دەگرێتەوە. بەکارنەهێنانی زمانی کوردیش بۆ ئەم بوارانە بە واتای بێسوودبوونی زمانەکە و ڕێگە خۆشکردن بۆ فەوتانیەتی، کەواتە بوونی دەق و دەنگ لەسەر سەرجەم بوارەکانی زانست و تەکنەلۆژی بۆ هەر زمانێکی زیندوو گرنگە. ئامادەبوونی ئەو دەقانە لەسەر ئینتەرنێت بۆ کورد دوو جار گرنگە. جارێک بە هۆی ئەرکەکانی ئەو دەقانە لەناو زماندا و جارێکی تر ئاسانکاری بۆ بە دەست گەیشتنی دەقەکان بە ئاخێوەرانی کورد کە پەرش و بڵاون و بە سادەیی ناتوانن دەستیان بە چاپەمەنییە کوردییەکان لە هەموو جێیەک و بەشێکی کوردستان ڕابگات.
٢- بە گشتی تاوەکو ئێستا هۆکارەکان چی بوون کە زمانی کوردی بە سەرجەم زاراوەکانی، بوونێکی کەمڕەنگی هەبووە لە ئینتەرنێت و بوارەکانی تەکنەلۆژیا؟
هۆکارەکان زۆرن و یەک و دوو نین، من لێرە هەوڵ دەدەم بایەخ بەو هۆکارانە بدەم کە لەپێشینەن و پێم وایە گرنگترینن. هەروەک دەزانین کوردستان بە داخەوە لە ڕووی زانست و تەکنەلۆژییەوە هەم دواخراوە و هەم دوا کەوتووە. ئەمەش وای کردووە کە ژمارەی ئەو کەسانەی توانای بەرهەمهێنانی ناوەرۆکی باشیان لەسەر ئینتەرنێت هەیە کەم بێت و ئاکامی ئەوەش کەمبوونی دەق و سەرچاوەی زمانی کوردییە لەسەر ئینتەرنێت. بەداخەوە کۆمەڵێک کولتووری خراپیش لە ناوماندا باوە. یەکێک لەوانە ڕووکردنی بەرفراوان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە و بەکارهێنانی ئەو شوێنانە وەک تەنیا شوێنی بڵاوکردنەوەی بابەتی کوردییە. بۆ وێنە ژمارەیەکی زۆر بەکارهێنەر لە باشووری کوردستان لەسەر فەیسبوک هەن و دەنووسن، بەڵام ژمارەی ئەو کەسانەی کە ئامادەن لە شوێنەکانی وەک ویکیپێدیا یان ماڵپەڕی تایبەت بە زمانی کوردی بنووسن زۆر کەمە. هەروەها ئەو بوارانەی کە ئێمە پێیان دەنووسین زۆر سنووردارن و ئەمەش پەیوەندی بە پرسیاری یەکەمتانەوە هەیە. بۆ وێنە ئێمە لەسەر بوارەکانی زانست و ئەندازیاری هیچ یان زۆر کەم دەق و نووسراوەمان هەیە، بەڵام تا بڵێ لەسەر دەمەقاڵە و مشتومڕی سیاسی دەنووسین و باس دەکەین. هۆکارێکی گرنگی دیکە دابەشبوونی زمانی کوردییە بە سەر چەند زار و چەند ڕێنووسدا. ئەمەش وای کردووە کە ئاستی سەرچاوەکان بۆ هەندێک لە زاراوەکان کە ئاخێوەریان کەمترە زۆر زۆر دابەزێت.
لە پەیوەندی بە ئامادەبوونی زمانی کوردی لە تەکنەلۆژیشدا کەمبوونی سەرچاوەکانی زمان هۆکارێکی گرنگ بووە. نەبوونی ئابوورییەکی بەهێز لە پشت زمانی کوردییەوە هۆکارێکی گرنگی دیکەیە. بایەخ نەدانی دامەزراوەکان و حکوومەت بە ناوەندەکانی پەرەدەری تەکنەلۆژی و ژیریی دەستکرد دەتوانێت هۆکارێکی گرنگی دیکە بێت. دابەشبوونی زمانی کوردی بە سەر چەند لقە زماندا وای کردووە کە پەرەدانی تەکنەلۆژی بۆ زمانی کوردی کارێکی قورس بێت و بۆ زۆربەی سیستەمەکان پێویستە بۆ هەر زاراوەیەک کاری تایبەت بکرێت. نەبوونی ئابووریی بەهێز لە پشت زمانی کوردییەوە وای کردووە کە پسپۆڕانی تەکنەلۆژی زیاتر بە شێوەی خۆبەخش لەسەر زمانی کوردی کار بکەن و ئەمەش ژمارەی چالاکانی ئەم بوارەی کەم کردووەتەوە.
٣- پڕۆژەی ماڵپەڕی ژیری دەستکرد چەندە کاریگەری دەبێت لەسەر پاراستن و نوێ ڕاگرتنی زمانی کوردی؟
ئامانجی ئەم پرۆژە ئەوەیە کە نووسین و بەرهەمهێنان بە زمانی کوردی ئاسانتر بکاتەوە. کاریگەریی پرۆژەکە پەیوەندی بە بەکارهێنانییەوە هەیە. ئەگەر ژمارەی بەکارهێنەرانی چالاکی زمانی کوردی زۆر بێت و کەڵک لەم تەکنەلۆژیایانە وەک ناسینەوەی ئاخاوتن وەربگرن، بە دڵنیاییەوە دەکرێت لە کاتێکی کەمتردا قەبارەیەکی زۆرتر دەقی کوردی بەرهەم بهێنین. هەر ئەمەش وا دەکات کە زمانی کوردی لە ڕووی سەرچاوە و ناوەڕۆکەوە بەهێزتر دەربکەوێت و ئاوات و مەبەستی ئێمەش لە پەرەدانی خزمەتگوزارییەکانی ئەم ماڵپەڕە هەر ئەوەیە.
٤- گەورەترین ئاستەنگەکان لە پەرپێدانی پڕۆژەکەتان چی بوون؟
گەورەترین ئاستەم لە بەردەم پەرەپێدانی ئەم تەکنەلۆژیانەدا نەبوونی هیچ سەرچاوەیەک و پشتیوانییەکی ماددییە. خۆشبەختانە من شانسێکی کە بوومە ئەو زانکۆیەی کە توێژینەوەی لێ دەکەم لە وڵاتی فەڕەنسا، ئەو هەلەی پێ داوم کە بۆ توێژینەوەی پۆست دکتۆراکەم لەسەر زمانی کوردی کار بکەم. ئەمەش بۆ من هەلێکی زێڕین بوو کە لە نەبوونی پشتیوانیدا بتوانم بۆ ماوەیەکی بەرچاو خۆم بۆ کوردی تەرخان بکەم. بابەتێکی زۆر گرنگی دیکە لە پەرەدانی تەکنەلۆژیاکانی ژیری دەستکرددا، بوونی کۆمپیوتەری بەهێز و سەرچاوەی ژمێرکارییە. بۆ ئەمەش دیسان ئەو شانسەم بووە کە لەژێر خانەکانی زانکۆکەم کەڵک وەربگرم. لە کاتێکدا ئەو شتە لە کوردستان یان ناگونجێت یان زۆر دەگمەنە و بۆ ژمارەیەکی کەم بەردەست دەبێت. بەربەستێکی گرنگی دیکە بۆ توێژینەوەکانی ژیریی دەستکرد کەمی سەرچاوەی زمانییە. هەر ئەمە هانی منی داوە کە هەوڵ بدەم ڕێگەیەکی ئۆتۆماتیک و خێرا بۆ پەرەدانی سەرچاوەکانی زمانی کوردی بدۆزمەوە. بەربەستێکی دیکە بەردەستخستنی ئەم سیستەمانەیە لە قەبارەیەکی گەورەدا بە جەماوەر. لێرەشدا دیسان بۆ تەکنەلۆژییەکانی ئەم سەردەمەی ژیری دەستکرد پێویستمان بە کۆمپیوتەری بەهێز هەیە، کە بۆ ئەم بەشەیان من هەوڵم داوە لەسەر ئەرکی خۆم بۆ ئەم قۆناغەی پرۆژەکە تێچووەکان لە ئەستۆ بگرم. دوا بەربەستیش دیسانەوە بەربەستی ماددییە و پێویستیی دابینکردنی سەرچاوە بۆ پەرەدان و ڕاگرتنی پرۆژەکانە. بۆ ئەم بەشەشیان دیسان من هەوڵم داوە لەسەر ئەرکی خۆم کارەکان جێبەجێ بکەم. هیوادارم لە داهاتوودا کەسانێک یان لایەنی پەیوەندیدار بایەخ بەم بابەتانە بدەن و چیتر چاوپۆشییان لێ نەکەن، تاکو ئێمەش بتوانین بە بەردەوامی خزمەتگوزاری پێشکەش بە هاوڵاتییان بکەین. هەروەها پێویستە هاوڵاتییانیش ئاگاداری ئەم بەربەستانە بن و لە لای خۆیانەوە پشتگیریی ئەم پرۆژانە بکەن.
٥- کام زاراوەی کوردی بە هۆی کەمی سەرچاوە زیاتر لە مەترسی لەناوچوون دایە؟
لە ڕاستیدا هەموو زاراوەکانی زمانی کوردی بە کەم سەرچاوە ئەژمار دەکرێن و هەموویان لە ئاستی جیاجیادا هەژارن. کوردیی ناوەندی تۆزێک بارودۆخی باشترە، لە دوای ئەویش کوردیی ژووروو یان کرمانجی. بۆ زارەکانی تری زمانی کوردی زۆر جێی داخە کە بڵێم هیچ شتێکی ئەوتۆمان نییە. کەمیی ژمارەی ئاخێوەر و نەبوونی پشتیوانیی ماددی وا دەکات کە کارکردن بۆ زارەکانی دیکە زۆر قورس بێت. ئەوەندەی من ئەزموونم بووە، ئامادەیی بۆ هەوڵی خۆبەخشانە لە ناو ئاخێوەرانی کوردیی هەورامیدا بەرچاوە. ئەمەش هیوای ئەوە دەدات کە لەم دۆخە ئاڵۆزە و بە بوونی ئەم هەموو بەربەستە لە داهاتوودا بتوانین کاری بەرچاو بۆ کوردیی هەورامیش بکەین.
٦- ئامانجی گەورە و خەونە دوورەکەی پڕۆژەی ژیری دەستکرد چیە؟ ئایا تا ئاستێک بەرەوپێش دەچێت و دەوەستێت یان بەردەوام لە نوێ بوونەوەدا دەبێت و لە سەکۆکانی تر و کۆمپانیاکانی تەکنۆلۆژیاش دێتە کار؟
هەروەک لە دروشمی ئەم پلاتفۆرمەدا باس کراوە ئامانجمان ئەوەیە سەرچاوەکان و تەکنەلۆژییەکانی زمان بۆ هەموو زارەکانی کوردی پەرە بدەین. لە دە ساڵی ڕابردوودا و لە کارەکانماندا، بایەخی زۆرترمان بە کوردیی ناوەندی داوە. ئامانجێکی گرنگی سەکۆی ژیریی دەستکرد ئەوەیە کە ئەم تەکنەلۆژیانە بۆ زارەکانی دیکەش بەردەست بخات. ئەوە دەکرێت وەکوو ئامانجی چەند ساڵی داهاتوومان سەیر بکرێت. بواری ژیریی دەستکرد لە گۆڕانێکی زۆر خێرادایە و بەشێک لە کارەکانی ئەم بوارە ڕەنگە هێشتا بۆ ئێمەش پێشبینی نەکرێن، بەڵام من وەک خۆم کە توێژەری ژیریی دەستکردم و ژیانم بۆ ئەم بوارە تەرخان کردووە، لە درێژەشدا لەگەڵ نوێبوونەوەی بوارەکە، هەوڵ دەدەم ئەزموونەکان بۆ کۆمەڵگای کوردی و بۆ زمانی کوردیش بگوازمەوە.
٧- چی لەدەست ئێمەی بەکارهێنەر دێت بۆ پشتگری و بەردەوام بوونی ئەو پڕۆژەیە؛ هەروەها پاراستنی زاراوەکانی کوردی و پەرەپێدانیان لەسەر ئینتەرنێت؟
بەکارهێنەران دەتوانن ئێستا کەڵک لە خزمەتگوزارییەکانی تایپی ڕاستەوخۆ، تایپی فایل و وەرگێڕانی دەنگ بۆ کوردیی ناوەندی وەربگرن. بەکارهێنانی بەرچاوی ئەم چەند خزمەتگوزارییە لەوانەیە بەشێکی زۆر بچووک لە تێچووەکانی ئەم کۆمەڵە پرۆژەیە دابین بکات. هەروەها لە زنجیرەیەک پرۆژەدا کە بەو زووانە ڕایدەگەیەنین، داوا لە بەکارهێنەران دەکەین کە لە تۆمارکردنی دەنگ و دابینکردنی سەرچاوەکانی زماندا یارمەتیمان بدەن. یارمەتیی ئەوان دەتوانێت کە پەرەدانی تەکنەلۆژییەکان و وردبینییان زۆر خێراتر و باشتر بکات.
کەی ئای تی ئێن هیوای سەرکەوتن بۆ دکتۆر ئاران و پڕۆژەکەی دەخوازێت و پاڵپشتی تەواوی خۆمان بۆ بەڕێزیان دوپات دەکەینەوە.
نوسین و ئەنجامدانی دیمانە: محمد ڕەئوف
پێداچوونەوە: سەردار عبدالله