سامسۆنگ
4, ئەیلوول 2025
بە فەرمی مۆبایلی Galaxy S25 FE نمایش کرا

سامسۆنگ ئەمڕۆ لە بۆنەی IFA 2025 مۆبایلێک و چەند تابلێتێکی نوێی نمایش کرد کە کێشێکی سووکتری هەیە. بەراورد بە نەوەی پێش خۆی و ئەستووری کەمترە.
مۆبایلە نوێیەکە (Galaxy S25 FE) خاوەن ڕوونمایەکی قەبارە 6.7 ئینجییە لە جۆری Dynamic AMOLED 2X بە تێکڕای نوێبوونەوەی 120 هێرتز و ڕوونی 1080×2340 پێکسڵ. هەروەها ئەم ڕوونمایە بە پارێزەری +Gorilla Glass Victus ڕووپۆش کراوە.
چیپسێتی Exynos 2400 (نەوەی پێشووتر Exynos 2400e بوو) لەسەر جێگیر کراوە کە چیپسێتێکی 4 نانۆمەترییە. کامێرای سەرەکی دواوەی ڕوونی 50 مێگاپێکسڵە و پشتگیری لە تایبەتمەندی OIS بۆ کەمکردنەوەی لەرزینی ڤیدیۆ دەکات. هەروەها کامێرای گۆشە فراوانی بە ڕوونی 12 مێگاپێکسڵ و کامێرای تێلەفۆتۆی بە ڕوونی 8 مێگاپێکسڵ بۆ 3 هێندە نزیککردنەوەی جۆری ئۆپتیکاڵ هەیە و کامێرای سێڵفیشی ڕوونی 12 مێگاپێکسڵە (نەوەی پێشووتر 10 مێگاپێکسڵ بوو).
پاترییەکی قەبارە 4,900 مللی ئەمپێر/کاتژمێری هەیە (نەوەی پێشووتر 4,700 مللی ئەمپێر/کاتژمێر بوو) کە پشتگیری لە بارگاوی کەرەوەی 45 واتی وایەر (نەوەی پێشووتر 25 وات بوو) و 15 واتی بێتەل دەکات. 7 ساڵ نوێکردنەوەی ئەندرۆید و ئاسایشی مانگانە بۆ ئەم مۆبایلە بەردەست دەبێت. بڕوانامەی IP68ی بۆ دژە ئاو و خۆڵ و تۆز هەیە.
نرخی دەستپێکی مۆبایلەکە بۆ بیرگەی 128 گێگابایت و و ڕامی 8 گێگابایت لە ئەمریکا بریتییە لە 649 دۆلار.
میران ئەبوبەکر
بەڕێوبەری نووسین لە پێگە و ماڵپەڕی کەی ئای تی ئێن، خوێندکاری کۆلێژی پزیشکی دەرمانسازی.