ئامێرە هەمەجۆرەکان
5, شوبات 2020
ئەپی فەرمی بیستۆکی بێوایەری نوێی +Samsung Galaxy Buds لە کۆگای ئەپ ستۆری ئەپڵ بەردەستکرا

زنجیرەیەک دەنگۆ لە ڕابردوودا باسیان لە ڕاگەیاندنی بیستۆکی بێوایەری +Samsung Galaxy Buds دەکرد لە لایەن سامسۆنگەوە. وا دیارە خەریکە دەنگۆکان دەبنە ڕاست.
کۆمپانیای سامسۆنگ ئەپێکی نوێی بە ناوی +Samsung Galaxy Buds تایبەت بە بیستۆکە بێوایەرە نوێیەکە لە کۆگای ئەپ ستۆری ئامێرەکانی ئەپڵدا بەردەستکرد. لە ڕێگەی ئەپە نوێیەکەوە، دەتوانرێت بیستۆکە بێوایەرەکە پەیوەستی ئایفۆنەکانی ئەپڵ بکرێن و تایبەتمەندییەکانی کۆنتڕۆڵ بکرێن. ئەپەکە گونجاوە لەگەڵ وەشانی iOS 10.0 و نوێتر و ئامێری iPhone 7 و نوێتر.

بەردەستکردنی ئەو ئەپە، پشتڕاستی کردەوە کە بیستۆکی بێوایەری +Samsung Galaxy Buds لە ڕێکەوتی 11 ـی ئەم مانگەدا و لەگەڵ کالەکسییە نوێیەکاندا نمایش دەکرێت. پێشبینی دەکرێت بیستۆکە بێوایەرەکە خاوەن تایبەتمەندی کەمکردنەوەی ژاوەژاو ببێت.
وێنەیەکی فەرمی دزەپێکراو لە ڕابردوودا ئاماژەی بەوە دەکرد کە بیستۆکە بێوایەرە نوێیەکە بە خۆڕایی لەگەڵ مۆبایلەکانی +Galaxy S20 و Galaxy S20 Ultra ـدا بوونی دەبێت.
سامسۆنگ لە ڕێکەوتی 11 ـی ئەم مانگەدا بۆنەی Unpacked 2020 ڕێکدەخات و تێیدا نوێترین نەوەی زنجیرەی Galaxy S و ژمارەیەک ئامێری دیکەی نوێ نمایش دەکات.
ماکوان بەرزان
نووسەری پێشکەوتوو، هەوادار و گەشەپێدەری سەکۆکانی ئەپڵ.