ئاسایشی ئەلیکترۆنی
29, کانوونی یەکەم 2025
چۆن کارتی بانک و مووچەکەت دەپارێزیت؟ ٦ ئامۆژگاری گرنگن بۆ پاراستنی کارتە بانکییەکان

بەهۆی ئەوەی کارمەندی ناوەندە میرییەکان لە ئێستادا کارتە بانکییەکان بەکاردەهێنن، گرنگە هوشیاری وردمان هەبێت لەهەمبەر بەکارهێنانی بەشێوەیەکی دروست بۆ ئەوەی پارێزراو بین لە فێڵ Scams و گرفتە ئەلیکترۆنییەکانی تر. کەواتە خوێنەری ئەم ڕێنماییانە بن بۆ ئەوەی بەپارێزراوی بمێننەوە.
١. پاراستنی ژمارەی نهێنی (PIN Code)
- هەرگیز ژمارەی نهێنییەکەت PIN Codeلەسەر کارتەکە مەنووسە: گەورەترین هەڵە ئەوەیە ژمارە نهێنییەکە (کە چوار ڕەقەمە) لەسەر خودی کارتەکە یان کاغەزێک لەناو جزدانەکەت بنووسیت. دەبێت لەبەری بکەیت.
- بە کەسی مەڵێ: تەنانەت نزیکترین برادەر یان فەرمانبەری بانکیش بۆی نییە داوای ژمارەی نهێنی کارتەکەت لێ بکات. ئەگەر کەسێک داوای کرد، مەیدە بە دەستەوە.
- دەستت بگرە بەسەر ژمارەکانەوە: کاتێک لە ئامێری پارە ڕاکێشان (ATM) یان لە مارکێتەکان پارە دەدەیت، بە دەستەکەی ترت کیبۆردەکە داپۆشە تا کەس نەتوانێت ببینێت چ ژمارەیەک لێدەدەیت. تکایە مەهێڵن پین کۆدەکە بزانن.
٢. ئاگاداری فێڵی ئەلیکترۆنی و پەیوەندی گوماناوی بە
- تەلەفۆنی ساختە: رەنگە کەسێک پەیوەندیت پێوە بکات و بڵێت “لە بانکەوە تەلەفۆن دەکەم، کێشەیەک لە کارتەکەتدا هەیە، ژمارەکانم پێ بدە بۆ چاککردنەوەی”. ئەمە فێڵە! بانکەکان هەرگیز بە تەلەفۆن داوای ژمارەی نهێنی یان وێنەی کارتەکەت لێ ناکەن.
- نامەی گوماناوی: هەرگیز کلیک لەسەر لینکێک مەکە کە بە نامە (SMS) یان ڤایبەر بۆت دێت و داوای زانیاری بانکی دەکات.
٣. پاراستنی فیزیکی کارتەکە
- کارتەکەت وەک پارەی کاش وایە: چۆن پارەی کاش بەجێ ناهێڵیت، کارتەکەش نابێت لە شوێنی گشتی یان لای کەس بەجێ بهێڵیت.
- وێنەی کارتەکەت مەگرە: هەرگیز وێنەی ڕوو و پشتی کارتەکەت مەنێرە بۆ کەس لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، چونکە ئەگەر ئەو ژمارانە (بە تایبەت سێ ژمارەکەی پشتەوە – CVV) بکەوێتە دەست کەسێک، دەتوانێت بە ئۆنلاین بازاڕی پێوە بکات. تکایە ئەگەر وێنەشی دەگریت لە مۆبایلەکەت لە شوێنێکی پارێزراو دایبنێ و مەهێڵە کەس دەستی پێ بگات.
٤. کاتی بەکارهێنانی ATM (ئامێری پارە ڕاکێشان)
- سەیری ئامێرەکە بکە: پێش ئەوەی کارتەکەت تێبکەیت، سەیری شوێنی کارتەکە بکە بزانە شتێکی نامۆی پێوە نییە یان نەلەقیوە؟ هەندێک جار دزەکان ئامێرێکی بچووک دەبەستن بۆ خوێندنەوەی زانیاری کارتەکە.
- پسوڵە (Receipt): دوای وەرگرتنی پارە، پسوڵەکە مەخەرە سەر زەوی، یان بیبە لەگەڵ خۆت یان بی دڕێنە. ئەمە لە ئێستادا لە کوردستان زۆر باوە و خەڵکی فڕێی دەدەن. تکایە بۆ پاراستنی ژینگە و خۆشت یان بیرپارێزە یان بیدڕێنە و بیکە تەنەکەی خۆڵەوە.
٥. ئەگەر کارتەکەت ون کرد
- خێرا پەیوەندی بکە: ژمارەی خزمەتگوزاری بانکەکەت (Customer Service) لە مۆبایلەکەتدا هەڵبگرە. ئەگەر کارتەکەت ون بوو یان دزرا، یەکسەر تەلەفۆن بکە بۆ ئەوەی کارتەکە ڕابگرن (Block) تا کەس نەتوانێت بەکاری بهێنێت.
- ئەپلیکەیشنی بانک: زۆربەی بانکەکان ئێستا ئەپلیکەیشنیان هەیە، فێر بە چۆن لە ڕێگەی ئەپەکەوە کارتەکەت بلۆک بکەیت (Freeze) ئەگەر ون بوو.
٦- بەکارهێنانی ئەپی بانکەکە
- زۆر گرنگە ئەپی بانکەکەت لە مۆبایلەکەت هەبێت و بەدروستی ڕێکتخستبێت. بەتایبەتی بە وشەی نهێنی و پەنجەمۆر و Face ID قفڵ کرابێت. ئەم ئەپە هەموو شتێکی تێدایە و بە ئاسانی دەتوانیت بزانیت کڕین و پارەدان و ڕاکێشان و هەموو جموجۆڵەکان لەوێوە ببینین و کۆنتڕۆڵ بکەیت. بەئاسانی دەتوانیت کارتەکەت بلۆک بکەیت و پین کۆد بگۆڕیت لەگەڵ چەندین کرداری تر. هەرچی زووەوە ئەپەکە دابگرە و ڕێکی بخە.
بۆ بیرهێنانەوە:
“کارتەکەت کلیلە و ژمارە نهێنییەکەت ددانەکانی کلیلەکەیە، هەرگیز هەردووکیان مەدە بە دەست کەس.”
سەردار عبدالله
مامۆستای زانکۆ و هەڵگری ماستەر لە فێرکردنی زمانی ئینگلیزی و تەکنەلۆژیا. ساڵانێکە هەواڵ و زانیاری بە زمانی کوردی دەنوسم و ئێستاش لێرە هەم نوسەر و هەمیش بەڕێوەبەری گشتیم بۆ ماوەی زیاتر لە ١٤ ساڵە. هەروەک گرافیک دیزاینەریش خەونی منە! کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانم بکەن بۆ ئەوەی زیاتر بمناسن!