مێسنجەرەکان
25, کانوونی دووەم 2026
نوێ لە وەتسئەپ: پێشاندانی نامە کۆنەکان بۆ ئەندامانی نوێی گروپ چاتەکان

وەتسئەپ خەریکی بڵاوکردنەوەی تایبەتمەندییەکی نوێیە بۆ بەکارهێنەرانی iOS، کە چارەسەری کێشەیەکی بێزارکەری گرووپەکان دەکات. بەپێی ئەم نوێکارییە، کاتێک ئەندامێکی نوێ زیاد دەکەیت بۆ گرووپێک، دەتوانیت دیاری بکەیت کە ئایا نامەکانی پێشووی گرووپەکەی بۆ دەربکەوێت یان نا. ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی ئەندامە نوێیەکە ڕاستەوخۆ تێکەڵ بە گفتوگۆکان بێت و لە ناوەڕۆکی بابەتەکان تێبگات، بەبێ ئەوەی پێویست بکات پرسیار لەسەر باسی پێشوو بکات. وتا بەکورتی لەمەودوا دەتوانیت ئەو نامانە ببینیت کە پێش ئەوەی تۆ بچیتە گروپێکەوە ئاڵوگۆڕ کراون.
تایبەتمەندییەکە بە شێوەیەک دیزاین کراوە کە دەتوانیت تا ١٠٠ نامەی کۆتایی (هی ١٤ ڕۆژی ڕابردوو) لەگەڵ ئەندامە نوێیەکە هاوبەش بکەیت. نامەکان بە ڕەنگێکی جیاواز دەردەکەون بۆ ئەوەی جیابکرێنەوە لە نامە نوێیەکان. گرنگە بزانرێت کە ئەم پرۆسەیە ئۆتۆماتیکی نییە؛ واتە ئەو کەسەی ئەندامە نوێیەکە زیاد دەکات، دەبێت خۆی بژاردەی “Share recent history” هەڵبژێرێت. هەروەها بۆ پاراستنی شەفافیەت، وەتسئەپ هەموو ئەندامانی گرووپەکە ئاگادار دەکاتەوە کە نامە کۆنەکان بۆ ئەندامە نوێیەکە نێردراون.
لە ئێستادا ئەم تایبەتمەندییە بۆ بەکارهێنەرانی وەشانی تاقیکاری (Beta) لەسەر ئایفۆن بەردەستە و چاوەڕوان دەکرێت لە داهاتوویەکی نزیکدا بۆ هەموو بەکارهێنەران کارا بکرێت. ئەم هەنگاوە وەتسئەپ زیاتر لە بەرنامەکانی وەک تێلیگرام نزیک دەکاتەوە، کە مێژوویەکی دوور و درێژی نامەکان دەخاتە بەر دیدی ئەندامانی نوێ دەتوانن نامە کۆنەکان ببینن.
سەردار عبدالله
مامۆستای زانکۆ و هەڵگری ماستەر لە فێرکردنی زمانی ئینگلیزی و تەکنەلۆژیا. ساڵانێکە هەواڵ و زانیاری بە زمانی کوردی دەنوسم و ئێستاش لێرە هەم نوسەر و هەمیش بەڕێوەبەری گشتیم بۆ ماوەی زیاتر لە ١٤ ساڵە. هەروەک گرافیک دیزاینەریش خەونی منە! کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانم بکەن بۆ ئەوەی زیاتر بمناسن!