ڕێنمایی 26, کانوونی دووەم 2026

پێنج فێڵی تەکنەلۆژی باو بەڵام لە ڕاستیدا هیچ سوودێکیان نییە و ئەوە نییە کە تۆ تێگەیشتوویت!

زۆرجار لە سۆشیال میدیا گوێمان لە هەندێک ڕێگەچارە یان “Lifehack” دەبێت کە گوایە کێشە تەکنیکییەکانمان بۆ چارەسەر دەکات، بەڵام بەپێی سەرچاوەکان زۆربەیان تەنها ئەفسانەن و ڕەنگە زیانیشیان هەبێت. ئەمانە ٥ لەو باوترین هەڵانەن:

١. بەکارهێنانی هەویری ددان بۆ چاککردنەوەی ڕوونما (شاشەی) شکاو:

ئەمە یەکێکە لە باوترین فێڵەکان. گوایە ئەگەر هەویری ددان بدەیت لە ڕوونمای شکاو، چاکی دەکاتەوە.

  • ڕاستی: هەویری ددان هیچ سوودێکی نییە بۆ شاشەی شکاو. شاشەی مۆبایلەکان لە چەندین چین پێکهاتوون و هەویری ددان تەنها چینی دژە-پەنجەمۆر (Oleophobic coating) تێکدەدات و ڕەنگە بچێتە ناو درزەکانەوە و زیان بە هەستەوەرەکانی (Sensors) ڕوونماکە بگەیەنێت. تاکە چارەسەر گۆڕینی ڕوونماکەیە.

٢. خستنە ناو برنج بۆ وشککردنەوەی مۆبایل:

هەموومان بیستوومانە ئەگەر مۆبایل کەوتە ئاوەوە، بیخە ناو برنجەوە.

  • ڕاستی: برنج تەنها ڕواڵەتی دەرەوەی مۆبایلەکە وشک دەکاتەوە، بەڵام ناتوانێت ئەو ئاوەی چووەتە ناوەوەی ئامێرەکە هەڵبمژێت. تەنانەت کۆمپانیای ئەپڵیش هۆشداری داوە کە ئەم کارە نەکەین، چونکە وردیلەی برنج دەچێتە ناو کونەکانی مۆبایلەکە و زیانی پێ دەگەیەنێت. باشترین ڕێگە ئەوەیە مۆبایلەکە لە شوێنێکی هەوادار دابنێیت تا وشک دەبێتەوە.

٣. دابەزاندنی ڕام (Downloading RAM):

هەندێک کەس پێیان وایە دەتوانن ڕامی (RAM) زیاتر لە ئینتەرنێتەوە دابەزێنن بۆ خێراکردنی کۆمپیوتەرەکەیان. ئەمەم کەمتر لە کوردستان بیستووە، بەڵام لە ئینتەرنێت ئەو تێگەیشتنە هەڵەیە بڵاوە.

  • ڕاستی: ڕام پارچەیەکی ڕەقە (Hardware) و نەرمەواڵە (Software) نییە. مەحاڵە بتوانیت لە ئینتەرنێتەوە ڕام زیاد بکەیت. ئەو سایتانەی بانگەشەی ئەمە دەکەن، زۆرجار ڤایرۆس و فایل زیانبەخش دەنێرن بۆ کۆمپیوتەرەکەت یان مۆبایلەکەت.

٤. کۆدی نهێنی بۆ کردنەوەی هەموو مۆبایلێک:

ڤیدیۆ هەیە دەڵێت بە لێدانی کۆدێکی دیاریکراو، دەتوانیت تێپەڕەوشەی هەر مۆبایلێک بشکێنیت.

  • ڕاستی: شتی وا بوونی نییە. مۆبایلە نوێیەکان سیستەمی ئاسایشی زۆر ئاڵۆزیان هەیە و بە هیچ کۆدێک ناکرێنەوە. ئەو کۆدانەی دەبینرێن زۆرجار بۆ پشکنینی ئامێرەکەن (وەک زانینی IMEI) نەک شکاندنی وشەی نهێنی.

٥. بەکارهێنانی Incognito Mode بۆ هەرزانکردنی بلیتی فڕۆکە:

دەوترێت ئەگەر بە دۆخی نهێنی (Incognito) بگەڕێیت، نرخی بلیتی فڕۆکە و هۆتێل هەرزانترە چونکە سایتەکە نازانێت تۆ پێشتر سەردانت کردووە.

  • ڕاستی: گۆڕانکاری نرخەکان پەیوەندی بە مێژووی گەڕانی تۆوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە داواکاری زۆرە (Demand) و سیستەمی ئاڵۆزی نرخ دانانەوە هەیە. Incognito تەنها ڕێگری دەکات لە پڕکردنەوەی ئۆتۆماتیکی زانیارییەکانت، نەک دابەزاندنی نرخ.

سەرچاوە BGR
بۆچونی تۆ