ئەپڵ
2, ئازار 2026
ئەپڵ بە فەرمی نەوەی نوێی iPad Airـی بەچیپی M4 نمایشکرد، بەڵام بەگشتی وەکو خۆیەتی!

لەگەڵ دەستپێکردنی هەفتەی پڕ لە ڕاگەیاندنی ئەپڵ، ئەمڕۆ کۆمپانیاکە نەوەی نوێی ئایپاد ئێیەر (iPad Air)ی بە کۆمەڵێک نوێکاریی ناوەکی گرنگەوە ئاشکرا کرد. هەرچەندە دیزاینە دەرەکییەکەی هیچ گۆڕانکارییەکی بەخۆیەوە نەبینیوە، بەڵام لە ڕووی خێرایی و پەیوەندییەوە هەنگاوێکی باشی ناوە. هەر لەبەرئەوەشە من ئەمساڵم ناو ناوە ساڵی چێشتە گەرمکراوەکان لە دونیای تەکنەلۆژیا.
گەورەترین نوێکاری لەم مۆدێلەدا جێگیرکردنی چیپی M4ی ئەپڵە. ئەم چیپە پێکهاتووە لە چیپی ٨-ناوک، و گرافیکی ٩-ناوک، لەگەڵ Neural Engine بە ١٦-ناوک کە تایبەتە بە ژیریی دەستکرد (Apple Intelligence). ئەمە وایکردووە خێراییەکەی بە ڕێژەی ٣٠٪ زیاتر بێت بەراورد بە نەوەی پێشوو، کە چیپی M3 ی تێدابوو. هەروەها، بۆ یەکەمجار قەبارەی ڕام لە ئایپاد ئێیەر بەرزکراوەتەوە بۆ ١٢ گێگابایت لەبری ٨ گێگابایت، و خێرایی گواستنەوەی بیرگە (Memory bandwidth) گەیشتووەتە 120GB/s.
ئەپڵ لەم ئایپادەدا چیپێکی تایبەتی خۆی بە ناوی N1 بەکارهێناوە، کە پشتگیری تەواوی تەکنەلۆژیاکانی Wi-Fi 7 و Bluetooth 6 و Thread دەکات. ئەمەش واتە هێڵی ئینتەرنێتی بێوایەر و تایبەتمەندییەکانی وەک AirDrop زۆر جێگیرتر و خێراتر دەبن. بۆ ئەو مۆدێلانەی کە سیمکارت دەخوێننەوە (واتا جۆری Cellular)، ئەپڵ وازی لە مۆدێمی کواڵکۆم هێناوە و مۆدێمی تایبەتی خۆی بە ناوی C1X تێدا جێگیر کردووە. ئەم مۆدێمە نوێیە خێرایی ئینتەرنێتی 5G بە ڕێژەی ٥٠٪ زیاد دەکات، لە کاتێکدا ٣٠٪ وزەی کەمتر بەکاردەهێنێت.
لە ڕووی دەرەکییەوە، ئایپادەکە هەمان شێوەی پێشووی هەیە. ڕوونماکەی لە جۆری LCDـیە بە ڕووناکی 500 نیت، کە بەداخەوە ئەمە واتە هێشتا نەبووە بە OLED و تێکڕای نوێبوونەوەی 60Hzـە. کامێرای پێشەوە و دواوەی ١٢ مێگاپیکسڵن، و هەستەوەری پەنجەمۆر (Touch ID) هەر لەسەر دوگمەی داگیرساندنەکە ماوەتەوە. هەروەها پشتگیری تەواوی Magic Keyboard و Apple Pencil Pro دەکات.
نرخ، قەبارە و کاتی بەردەستبوون
ئەپڵ نرخەکانی وەک خۆی هێشتووەتەوە:
قەبارەی بیرگەکانیش بریتین لە (١٢٨، ٢٥٦، ٥١٢ گێگابایت، و ١ تێرابایت). لە ڕووی ڕەنگیشەوە هەمان چوار ڕەنگەکەی پێشووە: شین، مۆر، ستارلایت (سپی باو)، و خۆڵەمێشی. داواکاری پێشوەختە لە چوارشەممە ٤ی ٣ دەستپێدەکات و لە ١١ی ئازاری ٢٠٢٦ بە فەرمی دەگاتە بازاڕەکان.
سەردار عبدالله
مامۆستای زانکۆ و هەڵگری ماستەر لە فێرکردنی زمانی ئینگلیزی و تەکنەلۆژیا. ساڵانێکە هەواڵ و زانیاری بە زمانی کوردی دەنوسم و ئێستاش لێرە هەم نوسەر و هەمیش بەڕێوەبەری گشتیم بۆ ماوەی زیاتر لە ١٤ ساڵە. هەروەک گرافیک دیزاینەریش خەونی منە! کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانم بکەن بۆ ئەوەی زیاتر بمناسن!