بیروڕا 1, شوبات 2026

شاومی و تێکدانی ناسنامەی مۆبایلەکانی و سەرلێشێواندنی لە بەکارهێنەران؛ مۆبایلەکانی پۆکۆ و ڕێدمی بەنمونە

شاومی لە ڕێگەی بڕاندە لاوەکییەکانی وەک ڕێدمی و پۆکۆوە، هەوڵ دەدات هەموو کون و کەلەبەرەکانی بازاڕ پڕ بکاتەوە. بەڵام ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت جێگەی نیگەرانییە؛ شاومی بە ئاشکرا ناسنامەی زنجیرە مۆبایلەکانی دەشێوێنێت و هەم خۆی و هەم بەکارهێنەریشی تووشی سەرلێشێوان کردووە.

بۆچی ئەمە دەڵێم؟

بۆ نموونە، ساڵی ڕابردوو گۆڕانکاری لە دیزاینی زنجیرەی ڕێدمی کرد، بەڵام ئەمساڵ هیچ نوێگەرییەکی ئەوتۆی پێشکەش نەکرد کە شایەنی باس بێت. ئێستاش مۆبایلێکی نوێی پۆکۆ بەناوی Poco M8 Pro 5G دەخاتە بازاڕ، کە کاتێک سەیری دەکەیت، وا هەست دەکەیت هەڵەیەک ڕوویداوە! ئەم مۆبایلە کۆپییەکی ڕێکی دیزاینی Redmi Note 14 و Poco X7ـی ساڵی ڕابردووە. لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە: شاومی، دیزاینی زنجیرەی Poco M چی کێشەیەکی هەبوو؟ بۆچی دیزاینی بڕاندێکی تر یان زنجیرەیەکی تر وەک خۆی بەکاردەهێنیتەوە و بەناوی بەرهەمێکی “نوێ” بە ئێمەی دەفرۆشیتەوە؟ ئەمە تەنها “چێشتێکی دووجار گەرمکراوەیە” و هیچی تر.

ئەم مۆبایلەی ئێستای پۆکۆ، Poco M8 Pro، تەنها چیپەکەی باشە بۆ ئاستی خۆی، بەپێچەوانەوە شتەکانی تری ڕێک هی زنجیرەی ڕێدمییە بە دیزاینەکەیشییەوە! وا باشترە ئەم بڕاندە ڕابگرێت یان کەمێک ناسنامەکەی بپارێزێت!

فێڵ لە سوفتوێر و کەمکردنەوەی تەمەنی مۆبایلەکە

لایەنە هەرە ناخۆشەکە ئەوەیە کە پۆکۆ M8 Pro هاوشێوەی زنجیرەی Redmi Note 15، ڕاستەوخۆ بە HyperOS 2 دەخرێتە بازاڕ. لە کاتێکدا دەبوایە بە HyperOS 3 بەردەست بکرایە. ئەمە فێڵێکی زیرەکانەیە بۆ خواردنی یەک ئەپدەیتی سەرەکی لە بەکارهێنەر؛ چونکە مۆبایلەکە یەکێک لەو ٤ ئەپدەیتە بەڵێندراوەی بۆ وەشاندنێک بەکاردێنێت کە دەبوو لە بنەڕەتدا لەسەری بێت. جگە لەوەش، بەکارهێنانی ڕامی LPDDR4X و بیرگەی UFS 2.2 کە تەکنەلۆژیایەکی کۆن و هێواشن، نیشانەی ئەوەیە شاومی تەنها چاوی لە فرۆشتنە نەک کوالێتی.

بە کورتی، شاومی ئەوەندەی سەرقاڵی پڕکردنی بازاڕە، ئەوەندە خەمی پاراستنی ناسنامەی بەرهەمەکانی نییە. ناشەفافییەت لای بڕاندە چینییەکان گەیشتووەتە ئاستێک کە شتێکت پێ دەدەن و لەولاوە بەبێ ئەوەی هەستی پێ بکەیت، چەندین تایبەتمەندی و مافت لێ دەستێننەوە.

بۆچونی تۆ