شاومی 8, شوبات 2020

شاومی ڕێکەوتی ڕاگەیاندنی مۆبایلەکانی Xiaomi Mi 10 و Mi 10 Pro ـی ئاشکرا کرد

بۆ ماوەیەکی زۆرە کە کۆمپانیای شاومی لە ئامادەکاریدایە بۆ ڕاگەیاندنی ژمارەیەک مۆبایلی نوێ لە زنجیرەی Mi. بەداخەوە، مۆبایلە نوێیەکانی زنجیرەی Mi 10 یەکێکی دیکەی قوربانییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، کە بووە هۆکاری پەکخستنی ژمارەیەک بەرهەمی کۆمپانیای دیکە. دواجار، کۆمپانیاکە ڕێکەوتی ڕاگەیاندنی نوێترین مۆبایلەکانی Xiaomi Mi 10 و Mi 10 Pro ـی ئاشکرا کرد.

لە جریوەیەکدا، کۆمپانیای شاومی ڕایگەیاند لە ڕێکەوتی 23 ـی ئەم مانگەدا مۆبایلە نوێیەکانی زنجیرەی Mi 10 لە بۆنەیەکی تایبەتدا لە شاری بەرشەلۆنەی وڵاتی ئیسپانیا و لە میانەی بەڕێوەچوونی کۆنگرەی MWC 2020 ـدا نمایش دەکات.

هەژماری فەرمی Xiaomi لە تۆڕی Weibo، ژمارەیەک بانەری بڵاوە پێکردووە و ئاشکرای کردووە کە مۆبایلەکانی Xiaomi Mi 10 و Mi 10 Pro لە ڕێکەوتی 13 ـی ئەم مانگەدا بە شێوەی سەرهێڵی نمایش دەکرێن. بەڵام نمایشکردنە فەرمییەکەی دەکەوێتە ڕێکەوتی 23 ـی هەمان مانگ. هەروەها بڵاوکراوەکە ئاشکرای کردووە کە هەر دوو مۆبایلەکە خاوەن بیرگەی جۆری UFS 3.0 دەبن.

لە پێشوودا، ژمارەیەک وێنەی زیندووی مۆبایلی Xiaomi Mi 10 دزەیان پێکرا و دیزاینی مۆبایلەکەی بۆ ئاشکرا کردین.

پێشبینی دەکرێت مۆبایلە نوێیەکانی شاومی خاوەن پڕۆسێسەری Snapdragon 865 و کامێرای 108 مێگاپێکسڵ و ڕامی تاوەکو 16 گێگابایت ببن و خێرایی ڕوونماکانیان 120 هێرتز ببن.

سەرچاوە GSMArena
بۆچونی تۆ