ئینتەرنێت 9, ئازار 2026

ئایا WhatsApp دەبێتە پارە؟ هەموو شتێک بزانە!

ئەگەر تۆش یەکێکیت لە بەکارهێنەرە هەمیشەییەکانی واتسئەپ، لەوانەیە لەم چەند ڕۆژە گوێت لە دەنگۆی بەپارەبوونی ئەم ئەپە بووبێت. کۆمپانیای مێتا بە فەرمی کار لەسەر خزمەتگوزارییەکی نوێی ئارەزوومەندانە دەکات بە ناوی WhatsApp Plus.

بەڵام پێش ئەوەی بترسیت، ئەوا واتسئەپە ئاساییەکەی خۆت وەک هەمیشە بە خۆڕایی دەمێنێتەوە! بیرۆکەکە تەنها ئەوەیە کە ئەگەر بڕە پارەیەکی مانگانە بدەیت، کۆمەڵێک تایبەتمەندی و شتی سەرنجڕاکێشی زیاترت پێدەدرێت.

لێرەدا پوختەی ئەو تایبەتمەندییانە دەخەینە ڕوو کە لە “واتسئەپ پڵەس”ـدا دەستت دەکەون:

  • ڕووکار و لۆگۆی تایبەت: بێزاربوویت لە ڕەنگە سەوزەکەی واتسئەپ؟ بەشداربووانی پڵەس دەتوانن لۆگۆی ئەپەکە بگۆڕن بۆ یەکێک لە ١٤ لۆگۆی جیاواز، هەروەها زیاتر لە دەرزەنێک ڕەنگ و ڕووکاری نوێ (Theme) بۆ ناو چاتەکان زیاد دەکرێن.

  • جێگیرکردنی ٢٠ چات (Pin): لە واتسئەپی ئاساییدا تەنها دەتوانیت ٣ نامە لە سەرەوەی لیستەکەت جێگیر بکەیت، بەڵام لە WhatsApp Plus ئەو ژمارەیە بەرز دەبێتەوە بۆ ٢٠ چات! ئەمەش بۆ کەسانی سەرقاڵ و خاوەن کارەکان زۆر بەسوودە.

  • زەنگی ئاگادارکردنەوەی نوێ: کۆمەڵێک زەنگی مۆبایلی تایبەت و جیاواز تەنها بۆ بەکارهێنەرە پارەدارەکان بەردەست دەبن.

  • ستیكەر و کاردانەوەی (Reactions) ناوازە: مێتا پلانی هەیە لە داهاتوودا ستیکەری ئیمۆجی تایبەت و شێوازی کاردانەوەی سەرنجڕاکێشتر بۆ ئەم خزمەتگوزارییە زیاد بکات.

کەی بەردەست دەبێت و نرخەکەی چەندە؟

تا ئێستا مێتا نرخی مانگانەی ئەم خزمەتگوزارییەی ئاشکرا نەکردووە، بەڵام پێشبینی دەکرێت بڕێکی کەم بێت، ڕەنگە نزیکەی ١ دۆلار بێت لە مانگێکدا. هەرچەندە کاتی بڵاوکردنەوەی بە فەرمی دیاری نەکراوە، بەڵام ئێستا بەکارهێنەرانی وەشانی تاقیکاری (Beta) لەسەر سیستەمی ئەندرۆید دەتوانن ناوی خۆیان لە لیستی چاوەڕوانیدا تۆمار بکەن بۆ ئەوەی یەکەم کەس بن تاقیی بکەنەوە.

ئەم هەنگاوەی مێتا ڕێگەیەکە بۆ پەیداکردنی داهات لەڕێگەی بەشداریکردنەوە، لەبری ئەوەی تەنها پشت بە کۆکردنەوەی داتای بەکارهێنەران ببەستێت 😁.

تۆ ڕات چییە؟ ئایا گۆڕینی ڕەنگی ئەپەکە و پینکردنی ٢٠ چات شایەنی ئەوەیە پارەی مانگانەی بۆ بدەیت؟ لە کۆمێنت پێمان بڵێ!

سەرچاوە LifeHacker
تاگەکان whatsapp WhatsAppPlus
بۆچونی تۆ