ئەندرۆید 22, ئازار 2026

کۆتایی بە سەردەمی ئازادیی ئەندرۆید دێت؟ گووگڵ یاسایەکی سەخت بۆ دابەزاندنی ئەپە دەرەکییەکان دەرکرد!

سیستەمی ئەندرۆید هەمیشە بەوە ناسرابوو کە سیستەمێکی کراوەیە و بەکارهێنەران ئازادن لەوەی هەر ئەپێک بیانەوێت لە دەرەوەی کۆگای پلەی ستۆر دایبەزێنن واتا (Sideloading) بکەن، بەڵام پێدەچێت گووگڵ بڕیاریدابێت کۆتایی بەم ئازادییە ڕەهایە بهێنێت!

بەپێی نوێترین ڕاپۆرتی ماڵپەڕی بەناوبانگی Android Authority، کۆمپانیای گووگڵ یاسایەکی نوێی ئاشکرا کردووە کە پرۆسەی دابەزاندنی فایلەکانی APK لە ئینتەرنێتەوە زۆر قورس و ئاڵۆز دەکات. با بزانین گۆڕانکارییەکان چین و چۆن کار لە ئێمەی بەکارهێنەر دەکەن:

١. قەدەغەکردنی گەشەپێدەری نەناسراو (Unknown Developer)

ئامانجی سەرەکی گووگڵ ئەوەیە بزانێت کێ ئەپەکان دروست دەکات. لەمەودوا هەر ئەپێک لە دەرەوەی پلەی ستۆر دابەزێنیت، ئەگەر خاوەنەکەی لای گووگڵ خۆی نەسەلماندبێت و وەک “نەناسراو” دەرکەوێت، گووگڵ بە هیچ شێوەیەک ڕێگەت پێنادات ئەو ئەپە دابەزێنیت.

٢. پرۆسەیەکی درێژ و بێزارکەر

ئەگەر ئەپەکە لە گەشەپێدەرێکی نەناسراویش نەبێت، هێشتا دابەزاندنی بە یەک کلیک نابێت! گووگڵ ٦ هەنگاوی ئاڵۆزی داناوە بۆ ئەوەی پەشیمانت بکاتەوە، لەوانە:

  • دەبێت سەرەتا بە دەستی خۆت هەڵبژاردەی گەشەپێدەران (Developer Mode) کارا بکەیت.

  • دەبێت وەڵامی چەند پرسیارێک بدەیتەوە و ڕازی بیت کە خۆت بەرپرسیاریت لە هەر مەترسییەک.

  • دەبێت مۆبایلەکەت بکوژێنیتەوە و دایگیرسێنیتەوە واتا Restart بکەیت: ئەمە بۆ ئەوەیە ئەگەر هاککەرێک لە ڕێگەی پەیوەندییەوە ڕێنماییت پێدەدات، پەیوەندییەکەی بپچڕێت!

٣. سزای گەورە: ٢٤ کاتژمێر چاوەڕوانی! ⏳

بەڵێ، ئەوە یەکێکە لە هەنگاوەکان! دوای هەموو ئەو هەنگاوانەش، گووگڵ مۆبایلەکەت قوفڵ دەکات بۆ ئەو ئەپە و دەبێت لانی کەم ٢٤ کاتژمێر چاوەڕێ بکەیت. گووگڵ دەڵێت ئەمە بۆ ئەوەیە “پەلە نەکەیت و بیر بکەیتەوە کە ئایا بەڕاستی دەتەوێت ئەو ئەپە دابەزێنیت یان نا”. دوای تەواوبوونی ٢٤ کاتژمێرەکەش، دەبێت بە پەنجەمۆر یان پین کۆد دابەزاندنەکە پشتڕاست بکەیتەوە کە ئەمە هەنگاوی پێنجەم و شەشەمی پڕۆسەکەن.

مەترسیدارترین بەشی ئەم یاسا نوێیانەی گووگڵ بۆ دابەزاندنی ئەپە دەرەکییەکان ئەوەیە کە تەواوی پرۆسەکە لە ڕێگەی خزمەتگوزارییەکانی گووگڵ پلەی واتا Google Play Services جێبەجێ دەکرێت، نەک خودی سیستەمی ئەندرۆید.

ئەمە واتای چییە بۆ ئێمە؟

  • بەو پێیەی بەستراوەتەوە بە خزمەتگوزارییەکانی پلەی ستۆرەوە، گووگڵ دەتوانێت لە هەر کاتێکدا و بەبێ پرسکردن بە تۆ، یان بەبێ ئەوەی پێویست بە ناردنی ئەپدەیت بکات بۆ سیستەمی مۆبایلەکەت، ئەم یاسایانە بگۆڕێت، قورستری بکات، یان بەتەواوی قەدەغەی بکات!

  • تا ئەم ساتەش، ئەم پرۆسە ئاڵۆزە لە هیچ وەشانێکی تاقیکاری (Beta)، وەشانی گەشەپێدەران (Dev Preview)، یان وەشانی (Canary)ـی ئەندرۆیددا دەرنەکەوتووە. هەموو ئەوەی هەیە تەنها وتارێکی بڵاوکراوەی گووگڵە و چەند وێنەیەک کە گوزارشت لە یاساکە دەکەن.

ئەمە وایکردووە زۆرێک لە شارەزایان پێیان وابێت کە گووگڵ دەیەوێت بە بیانووی ئاسایشەوە، کۆنتڕۆڵی تەواوەتی بەسەر ئەوەدا هەبێت کە چی لەسەر مۆبایلەکانمان دادەبەزێنین.

بەڵام گووگڵ دەڵێت چی لەمبارەیەوە؟

گووگڵ دەڵێت ئەمە تەنها بۆ پاراستنی ئاسایشی بەکارهێنەرانە لە دەستی هاککەران و فێڵبازان واتا Scammers، چونکە ئەندرۆید چیتر تەنها بۆ کەسانی شارەزا نییە، بەڵکو ملیاران کەسی ئاسایی بەکاریدەهێنن. پێشبینی دەکرێت ئەم یاسا نوێیانە لە مانگی ٩ی ئەمساڵەوە بکەونە بواری جێبەجێکردنەوە.

ڕای تۆ چییە؟ ئایا ئەمە هەنگاوێکی زۆر باشە بۆ پاراستنی مۆبایلەکانمان، یان گووگڵ دەیەوێت بە زۆر هەموومان ناچار بکات تەنها پلەی ستۆر بەکاربهێنین و ئازادیمان لێ بسەنێتەوە؟ لە کۆمێنت ڕای خۆت بنووسە👇

بۆچونی تۆ