ئۆتۆمبێل 7, كانونی دووه‌م 2020

کۆمپانیای Sony ئۆتۆمبێلی کارەبایی Vision-S ـی بە شێوەی نموونە نمایشکرد

ئەم ڕاگەیاندراوەی Sony یەکێک بوو لە سەرسامکەرانەترین نمایشکراوەکانی ئەمساڵی پێشانگای CES 2020. لە میانەی بەڕێوەچوونی پێشانگای CES 2020 ـدا، کۆمپانیای Sony ئۆتۆمبێلی کارەبایی Vision-S ـی بە شێوەی نموونە نمایشکرد.

کۆمپانیا ژاپۆنییەکە ژمارەیەک تەکنەلۆژیای جیاواز و ڕوونمای زۆری لە ئۆتۆمبێلی کارەبایی Vision-S ـدا بەکارهێناوە. لە ڕاستیدا، دیزاینەکەی کەمێک لە ئۆتۆمبێلی کارەبایی Tesla Mode 3 دەچێت. ئۆتۆمبێلە کارەباییەکە خاوەن 33 هەستەوەری جیاوازە لە دەرەوە و ناوەوەدا، هەروەها لە پێشەوە و لەسەر داشبۆردەکەی خاوەن ڕوونمایەکی پڕاوپڕ پە درێژی داشبۆردەکەیە و لە پشتەوەش خاوەن 2 دانە ڕوونمایە و خاوەن تایبەتمەندی پەیوەستبوونی Always-On و دەنگی 360 ـە. هەندێک لە پارچە دەنگییەکانی لە لایەن کۆمپانیاکانی BlackBerry و Bosch ـەوە کاری بەرهەمهێنانی بۆ کراوە. خاوەن نوێترین دیزاینە لە نێو ئۆتۆمبێلە کارەباییەکاندا.

کۆمپانیای Porsche کاری کردووە لە دیزاین کردنی ڕووی دەرەوەی لاشەی ئۆتۆمبێلە کارەباییەکەی Sony ـدا. بەڕێز Kenichiro Yoshida، بەڕێوەبەری کۆمپانیای Sony ڕایگەیاند:

ئەم ئۆتۆمبێلە هاوبەشێتیمان لە داهاتووی هۆکارەکانی گواستنەوە لەخۆ دەگرێت.

کۆمپانیاکە تەنها 2 خولەک یاخود زیاتری لە باسکردنی ئۆتۆمبێلە کارەباییەکەدا بەفیڕۆدا، بەمەش دەیان پرسیاری بە بێ وەڵام بەجێهێشت. ئەمە تەنها نموونەیە و تایبەتمەندییەکان و نرخ و ڕێکەوتی بەردەستکردنی ئەم ئۆتۆمبێلە کارەباییە نادیارە.

هەر لە هەمان کۆنگرەدا، کۆمپانیای Sony لۆگۆی فەرمی PlayStation 5 و چەند وردەکارییەکی دیکەشی ئاشکرا کرد.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ