ئەپ و نەرمەکاڵا 16, نیسان 2026

وەشانی نوێی Zotero 9 ڕاگەیاندرا: گوێگرتن لە توێژینەوەکان و گواستنەوەی ڕاستەوخۆی تێبینییەکان بۆ Word و تایبەتمەندی زیاتر!

کەمتر لە سێ مانگ دوای بڵاوکردنەوەی وەشانی ٨، بەرنامەی بەناوبانگی بەڕێوەبردنی سەرچاوەکان “Zotero” گەورەترین نوێکردنەوەی خۆی بەناوی Zotero 9 بڵاوکردەوە. ئەم خێراییە لە بڵاوکردنەوەی وەشانەکاندا، بەڵێنی پێشووی کۆمپانیاکە دەسەلمێنێت کە دەیانەوێت بە خێراترین کات تایبەتمەندییە نوێیەکان بگەیەننە دەست توێژەران و بەکارهێنەران.

لەم وەشانەدا کۆمەڵێک گۆڕانکاریی گەورە کراوە کە شێوازی مامەڵەکردنت لەگەڵ بەڵگەنامە و توێژینەوەکاندا بەتەواوی دەگۆڕێت. لەخوارەوە بە پوختی ئاماژە بە دیارترین گۆڕانکارییەکان دەکەم.

١. خوێندنەوەی بە دەنگ (Read Aloud)

ئەمە بێگومان گەورەترین نوێکارییە لە Zotero 9! ئیتر پێویست ناکات بەردەوام چاوت لەسەر ڕوونمای کۆمپیوتەرەکەت بێت، Zotero دەتوانێت فایلەکانی (PDF, EPUB، و پەڕەکانی وێب) بە دەنگێکی کوالێتی بەرز و سروشتی بۆت بخوێنێتەوە.

  • شێوازی کارکردنی: تەنها بە کرتەکردن لە ئایکۆنی “هێدفۆن” لە کاتی خوێندنەوەدا، بەرنامەکە دەست دەکات بە خوێندنەوە.

  • کۆنتڕۆڵی تەواو: دەتوانیت بە ئاسانی بپەڕیتەوە بۆ ڕستە و پەرەگرافی پێشتر یان دواتر. هەروەها تەنها بە کرتەکردن لە پەراوێزی چەپی هەر پەرەگرافێک، دەتوانیت ڕاستەوخۆ خوێندنەوە لەو شوێنەوە دەست پێ بکەیت.

  • دیاریکردنی ئۆتۆماتیکی (Highlighting): بە داگرتنی دوگمەی H یان U لە کیبۆردەکەتدا، بەرنامەکە ڕاستەوخۆ ئەو ڕستەیە دیاری دەکات (Highlight) کە کۆتا جار بۆی خوێندوویتەتەوە.

  • بەردەوامبوون لەسەر هەموو ئامێرەکان: کاتێک خوێندنەوە دەوەستێنیت، شوێنی وەستانەکەت پاشەکەوت دەبێت. دەتوانیت دواتر لەسەر کۆمپیوتەرێکی تر یان مۆبایلەکەت لە هەمان شوێنەوە دەستپێبکەیتەوە.

(تێبینی لەسەر دەنگەکان): زۆتێرۆ پشتگیری لە دەنگی کوالێتی بەرزی ئۆنلاین (Zotero Voices) دەکات، کە بەسەر دوو جۆری Standard و Premium دابەش دەبن بەپێی جۆری هەژمارەکەت. بەبێ ئینتەرنێتیش دەتوانیت بەکاری بهێنیت، بەڵام بۆ ئەوە پشت بە دەنگە سادەکانی سەر کۆمپیوتەرەکەت دەبەستێت.

٢. لیستی ‘کۆتا جار خوێندراوەتەوە’ (Recently Read) 

زۆرجار فایلێک دەخوێنینەوە و دواتر ون دەبێت. لەمەودوا بەشێکی نوێ (Collection) لە بەشی سەرەوەی کتێبخانەکەت زیاد کراوە کە لیستی ئەو فایلانەت پێشاندەدات کە کۆتا جار کارت لەسەر کردوون. تەنانەت ئەگەر لەسەر ئامێرێکی تریش خوێندبێتتەوە، بەهۆی تایبەتمەندی Syncـەوە لێرەش دەردەکەون.

٣. دانانی ڕاستەوخۆی تێبینی لە پڕۆگرامەکانی نووسیندا وەکو مایکڕۆسۆفت وێرد (Word Processors) 

لە وەشانەکانی پێشوودا، ئەگەر بویستایە تێبینییەکانت (Annotations) بخەیتە ناو فایلێکی مایکرۆسۆفت وۆرد، دەبوو سەرەتا بیکەیت بە ‘Note’ لەناو زۆتێرۆ. ئێستا دوگمەیەکی نوێی Add Annotation بۆ وۆرد و بەرنامەکانی تر زیادکراوە، کە ڕێگەت پێدەدات ڕاستەوخۆ تێبینییەکان لەگەڵ سەرچاوەکەیان (Citation) بخەیتە ناو توێژینەوەکەتەوە! تەنانەت وێنە دیاریکراوەکانیش دەگوازرێنەوە ناو فایلەکەت.

٤. تایبەتمەندی نوێ بۆ کتێبخانە هاوبەشەکان (Group Libraries)

ئەگەر لەگەڵ چەند کەسێکدا پێکەوە کار لەسەر کۆکردنەوەی سەرچاوەکان دەکەن:

  • ئێستا دەتوانیت بزانیت کێ کام سەرچاوەیەی زیادکردووە یان دەستکاری کردووە بە زیادکردنی ستوونەکانی Added By و Modified By.

  • ئەدمینی گرووپەکان دەتوانن یاسایەکی دیاریکراو بۆ “گۆڕینی ناوی فایلەکان” (File Renaming) دابنێن، بۆ ئەوەی ناوی هەموو فایلەکانی ناو گرووپەکە بە یەک شێواز ڕێکبخرێن.

٥- گۆڕینی دیزاینی Add-inی زۆتێڕۆ لە مایکڕۆسۆفت وێرد

تا وەشانی پێشتر، زیادکراوی ناو مایکڕۆسۆفت وێر دیزاینەکەی زۆر کۆن و نەشاز بوو، لەگەڵ وەشانی نۆیەم نوێکراوەتەوە و دیزاینێکی مۆدێرنی هەیە لەگەڵ زیادکردنی بەشی نوێ بۆ زیادکراوەکە.

٦. خێرایی و کارایی زیاتر

  • بەرنامەکە کەمتر ڕامی کۆمپیوتەر بەکاردەهێنێت. ئەویش بە ڕێژەی ٢٠٪ لە کاتی کردنەوەیدا.

  • پرۆسەی هاوکاتکردن (Sync) زۆر خێراتر و زیرەکتر بووە.

  • بۆ بەکارهێنەرانی ماک (Mac)، زۆتێرۆ سوود لە تەکنەلۆژیای سیستەمی فایلی ئەپڵ وەردەگرێت بۆ دروستکردنی باکئەپ بێ ئەوەی شوێنی زیاتر لەسەر هاردەکەت بگرێت.

٦. چوونەژوورەوەی پارێزراوتر (Web-Based Login)

ئیتر پێویست ناکات تێپەڕەوشە ڕاستەوخۆ لەناو بەرنامەکە بنووسیت. چوونەژوورەوە لە ڕێگەی وێبگەڕەکەتەوە دەکرێت، ئەمەش وا دەکات بتوانیت بەڕێوەبەری تێپەڕەوشەکان (Password Managers) و تایبەتمەندی چوونەژوورەوەی دووهەنگاوی (2FA) بەکاربهێنیت بۆ پاراستنی هەژمارەکەت.

چۆن Zotero 9 دابەزێنم؟

  • ئەگەر پێشتر زۆتێرۆت هەیە: تەنها لەناو بەرنامەکەدا بچۆ بۆ لیستی Help و پاشان کلیک لە Check for Updates… بکە.

  • ئەگەر تازە دایدەبەزێنیت: ڕاستەوخۆ سەردانی ماڵپەڕی فەرمی Zotero.org بکە بۆ دابەزاندنی وەشانی ٩.

Zotero بەردەوامە لە ئاسانکردنی ژیانی توێژەران و خوێندکاران. ئایا تۆ تا چەند سوود لەم بەرنامەیە دەبینیت؟ کام تایبەتمەندییەی Zotero 9 زیاتر بەدڵە؟

تاگەکان zotero Zotero9
بۆچونی تۆ