سۆنی
29, ئایار 2020
سۆنی ڕێکەوتی نمایشکردنی PlayStation 5 ـی ئاشکراکرد

کۆمپانیای Sony بە فەرمی ڕێکەوتی نمایشکردنی سەکۆی نوێی PlayStation 5 ـی ئاشکراکرد.
کۆمپانیای Sony ـی ژاپۆنی ڕایگەیاند لە ڕێکەوتی 4 ـی مانگی داهاتوودا لە کاتژمێر 1 ـی دوانیوەڕۆ بە کاتی کالیفۆڕنیا و 11:00 ـی شەو بە کاتی هەولێر بۆنەیەکی تایبەت بە نمایشکردنی سەکۆی نوێی PlayStation 5 لە ژێر ناوی “The Future of Gaming” ڕێک دەخات. بۆنەکە زیاتر لە کاتژمێرێک دەخایەنێت و ئەو یارییانەش نمایش دەکرێن کە لە دوای بەردەستکردنی PlayStation 5 لەم هاوینەدا بەردەست دەکرێن بۆ سەکۆیەکە.
ڕاپۆرتەکانی پێشوو پێشبینی ئەوەیان کرد کە Sony بۆنەیەکی لەم جۆرە لە ڕێکەوتی 3 ـی مانگی داهاتوو ڕادەگەیەنێت و بە تایبەت سەرنج دەخاتە سەر یارییەکان. چاوەڕوان ناکرێت Sony لەم بۆنەیەدا سەرجەم تایبەتمەندییەکانی سەکۆی PlayStation 5 ئاشکرا بکات، دەگوترێت کۆمپانیاکە نیازی ئەنجامدانی بۆنەی زیاتری هەیە لە چەند هەفتە و مانگی داهاتوودا.
تاوەکو ئێستا کۆمپانیای Sony بەشێک لە تایبەتمەندییەکان، لۆگۆ و کۆنتڕۆڵی سەکۆی PlayStation 5 ـی ئاشکرا کردووە، بەڵام هێشتا خودی سەکۆیەکە ماوە ئاشکرا بکرێت تاوەکو بزانین شێوەی چۆن دەبێت. لەگەڵ ئەوەشدا، هێشتا ئەگەرەکان هێندە بەهێز نین تاوەکو لەم بۆنەیە کۆمپانیاکە سەکۆ نوێیەکەی ئاشکرا بکات و ڕەنگە بۆ مەبەستێکی دیکە ئەنجامی بدات.
سەکۆی PlayStation 5 خاوەن هەشت ناوکی یەکەی کارپێکەری AMD Zen 2 بە خێرایی 3.5 گێگاهێرتز و گرافیکی AMD RDNA 2 بە هەبوونی 10.28 تێرافلۆپ و 36 یەکەی کارپێکەر بە خێرایی 2.23 گێگاهێرتز دەبێت. هەروەها خاوەن بیرگەیەکی جۆری SSD بە قەبارەی 825 گێگابایت و خێرایی 5.5 گێگابایت/چرکە دەبێت.
ماکوان بەرزان
نووسەر و بەڕێوەبەری نووسین لە کەی ئای تی ئێن. گەشەپێدەری iOS، هەواداری و خوێندکاری پەیمانگەی زانستی کۆمپیوتەر.