ئەپڵ
12, ئەیلوول 2023
ئەپڵ دوو باشترینەکەی نمایش کرد – نوێکراوەتەوە

ئەپڵ هەردوو مۆبایلی iPhone 15 Pro و iPhone 15 Pro Max نمایش کرد، دیزاینەکانیان گۆڕانکاری بەسەردا نەهاتووە و هەر وەکو نەوەی پێشووترن. چیپسێتی Apple A17 Pro جێگیر کراوە.

نرخی دەستپێکی جۆری پرۆ بریتییە لە دۆلار 999 و پرۆ ماکس بریتییە لە 1199 دۆلار، لە ڕۆژی 15ـی ئەم مانگە داواکاری پێشوەختەی دەست پێدەکات و لە ڕۆژی 22ـی ئەم مانگە بەردەست دەبێت لە کۆگاکان.

لە کۆتاییدا ئەپڵ لە دەرچەی Lightning دوور دەکەوێتە و دەرچەی Type-C لەسەر ئایفۆنە نوێیەکان جێگیر دەکات و کە 20 هێندە خێراترە بۆ گواستنەوەی داتا بەراورد بە ڕابردوو، چوارچێوەکانیان لە تیتانیۆم پێکهاتووە و کێشی سووکتر و تەنکتریشە بەروارد بە ئایفۆن 14. قەبارەی ڕوونماکان وەکو خۆی هێڵدراوەتەوە، 6.1 ئینج و 6.7 ئینجن, بەڵام چوارچێوەی ڕوونماکان کەمتر کراونەتەوە بە ڕێژەی یەک لەسەر سێ بەراورد بە نەوەی پێشووتر.

ساڵی ڕابردوو Dynamic Island تایبەت بوون بە جۆری پرۆکان، بۆ ئەمساڵیش دوگمەی Action Button، کە جێگەی دوگمەی بێدەنگ کردن (Mute)ـی گردۆتەوە، بە شێوەی خۆکارانە کاری دوگمەی بێدەنگ کردن دەکات، بەڵام دەتوانیت چەندین فرمان و قەد بڕ (Shortcut) دیکەی پێ ئەنجام بدەیت، وەک تۆمارکردنی دەنگ، چرکادندنی وێنە هتد…
لە بەشی ناوەوە چیپسێتی Apple A17 Pro لەسەر جێگیر کراوە و لەسەر بناغەی 3 نانۆمەتری بنیات نراوە و 6 ناووک لە خۆ دەگرێت، 2 ناووک بۆ کارە قورسەکان و کە %10 خێراترە و 4 ناووکیش بۆ کاری ئاسایی و بەروارد بە نەوەی پێشووتر یەک لەسەر سێی وزە کەمتر بەکار دەبەن. ئەپڵ دەڵێت گەورەترین گۆرانکاریمان لە GPUـی چیپەکە کردووە پشتگیری لە Ray Tracing دەکات و چوار هێندە خێراترە بەروارد بە نەوەی ڕابردوو. بە هۆی GPU بەهێزەکەی لەسەرەتایی ساڵی داهاتوو هەر یەک لە یارییەکانی Resident Evil Village و assassin’s creed mirage و Resident 4 Remake لەسەر ئایفۆن 15 پرۆ بەردەست دەبن.

کامێرای سەرەکی گۆڕانکارییەکی ئەوتۆی بەسەردا نەهاتووە، بەڵام کامێرای تێلەفۆتۆی جۆری پرۆ ماکس ئێستا توانای پێنج هێندە نزیککردنەوەی جۆری ئۆپتیکاڵی هەیە جۆری پرۆش توانای سێ هێندە.
نوێکراوەتەوە لە (١٢ – ٩ – ٢٠٢٣) – زانیاری زیاتر لە بارەی چیپسێتەکە زیاد کرا
موحەمەد نەجات
نوسەری پێشکەوتوو لە ماڵپەڕی کەی ئای تی ئێن، دەرچووی بەشی سیستەمی زانیاری کارگێڕی.