سامسۆنگ
12, تشرینی یەکەم 2023
ئەنجامەکانی مۆبایلی Galaxy S24 Ultra لە هەڵسەنگێنەری Geekbench دزەی پێکرا

بۆ ساڵی داهاتوو پێشبینی دەکرێت سامسۆنگ لە مانگی 1ـدا لە جیاتی مانگی 2 زنجیرە مۆبایلی ئاست بەرزی گالەکسی ئێس 24 نمایش بکات. وە ماوەیەک پێش ئێستا تایبەتمەندی و دیزاینی پێشبینی کراوی تەواوی زنجیرەکە بڵاو کرایەوە. ئێستاش ئەنجامەکانی مۆبایلەکە لە هەڵسەنگێنەری Geekbench دزەی پێکرا و بەرەوپێشچوونێکی باش لە ئاستی مۆبایلەکە بەدی دەکرێت.

بە پێی ئەنجامەکان، مۆبایلەکە مۆدێلی SM-S928U ـە و چیپسێتی Snapdragon 8 Gen 3 لەسەر جێگیر کراوە. چیپسێتەکە 8 ناووک لە خۆ دەگرێت کە سەرەکییەکەیان خێرایی 3.30 گێگاهێرتز و 3 دانەیان خێرایی 3.15 گێگاهێرتز و 2 دانەیان خێرایی 2.96 گێگاهێرتز و 2 دانەیان خێرایی 2.27 گێگاهێرتزە.
ئەم تاقیکردنەوە بۆ گالەکسی ئێس 24 ئەڵترا بە ڕامی 8 گێگابایت کراوە و مۆبایلەکە بە ڕووکاری بەکارهێنەری One UI 6.1 بنچینەکراو لەسەر ئەندرۆید 14 کاری کردووە.
بۆ تاک ناووک مۆبایلەکە 2,234 خاڵ و بۆ فرە ناووک 6,807 خاڵی تۆمار کردووە، ئەمەش بە ڕێژەی %15 بۆ تاک ناووک و %35 بۆ فرە ناووک زیاترە بەراورد بە گالەکسی ئێس 23 ئەڵترا.
میران ئەبوبەکر
بەڕێوبەری نووسین لە پێگە و ماڵپەڕی کەی ئای تی ئێن، خوێندکاری کۆلێژی پزیشکی دەرمانسازی.