مۆتۆڕۆلا
25, تشرینی یەکەم 2023
مۆتۆڕۆڵا بیرۆکەی مۆبایلێک نمایش دەکات کە دەنوشتێتەوە

مۆتۆڕۆڵا بیرۆکەیەکی سەیروسەمەرەی لە میانەی کۆنگرەی Lenovo Tech World 23 نمایش کرد. (کۆمپانیای مۆتۆڕۆڵا لقێکە لە کۆمپانیای لینۆڤۆ لە ساڵی 2014 ـەوە). پێدەچێت ئەم مۆبایلە ڕۆژێک بەردەست بکرێت بۆ کڕیاران یاخوود هەرگیز بەردەست نەکرێت، هەر بۆیە بە بیرۆکە(Concept) ناودەبرێت.
پەردەی لەسەر نموونەیەکی “ڕوونمای گونجێنەر” لادا کە دەتوانرێت بۆ مۆبایل، ڕاگر یاخوود دەستبەندێک بنوشتێندرێتەوە. جگە لەوەش کۆمپانیاکە تیشکی خستە سەر چەندین گەشەپێدانی زیرەکی دەستکرد بۆ داهاتوو.

ڕوونماکەی لە جۆری pOLEDـە ڕوونی +FHDـە. کۆمپانیاکە لە ڕاگەیاندراوی فەرمی خۆیدا نووسیویەتی، نموونە سەرەتاییەکە “دەتوانرێت بەپێی پێویستی بەکارهێنەران بچەمێنرێتەوە و شێوەی بۆ دابنرێت بە چەند فۆرمێکی جیاواز.” “ئامێرەکە دەتوانێت بە تەواوی تەخت بکرێت بۆ ئەوەی وەک مۆبایلێکی زیرەکی ئاسایی بەکار بهێندرێت، یاخوود دەتوانرێت لە نیوەدا بچەمێندرێتەوە بۆ ئەوەی وەک ڕاگر بەکار بهێندرێت (هاوشێوەی مۆبایلە چەماوەکانی دیکە)، یاخوود دەتوانیت ئامێرەکە لە نیوەی مەچەکتدا بنوشتێنیتەوە و لە شێوەی دەستبەندێک بەکاری بهێنیت.”
https://twitter.com/TheAIAnonGuy/status/1717082610025865368?t=bshZJxsD4wAqaBy8gs6sbw&s=19
قەبارەی ڕوونماکەی 6.9 ئینجە و هاوشێوەی هەر مۆبایلێکی ئاسایی دیکە (جگە لە ئایفۆن) کار بە ئەندرۆید دەکات و کاتێک دەنوشتێندرێتەوە قەبارەکەی دەبێت بە 4.6 ئینج.
میران ئەبوبەکر
بەڕێوبەری نووسین لە پێگە و ماڵپەڕی کەی ئای تی ئێن، خوێندکاری کۆلێژی پزیشکی دەرمانسازی.