سامسۆنگ 9, تەممووز 2025

سامسۆنگ لە جیاتی یەک دانە، دوو دانە مۆبایلی فلیپی نمایش کرد

ئەمڕۆ لە بۆنەیەکی شایستەدا سامسۆنگ کۆمەڵێک بەرهەمی نوێی نمایش کرد و لە نێویشیاندا بۆ یەکەمین جار دوو مۆبایلی فلیپ نمایش کران. Galaxy Z Flip 7 و Galaxy Z Flip 7 SE

جۆری Galaxy Z Flip 7 ئێستا ڕوونما سەرەکییەکەی 6.9 ئینجە لە جۆری Dynamic AMOLED 2X و ڕوونی +FHD ـە و تێکڕای نوێبوونەوەی 120 هێرتزە. هەروەها ڕوونمای دووەمیشی گەورەتر کراوە و قەبارەی 4.1 ئینجە، لە جۆری Super AMOLED و بە تێکڕای نوێبوونەوەی 120 هێرتز. لەگەڵ ئەوەش مۆبایلەکە تەنکترە بەراورد بە نەوەی پێش خۆی.

چیپسێتی Exynos 2500 لەسەر جێگیر کراوە و بۆ یەکەمین جار بە بژاردەی ڕامی 12 گێگابایت بەردەست دەبێت. لە پێش و پاشی پارێزەری Corning Gorilla Glass Victus 2 لەسەر جێگیر کراوە و بڕوانامەی IP48ی بۆ دژە ئاو هەیە. گۆڕانکاری لە کامێرادا کراوە و ئێستا کامێرای سەرەکی دواوەی مۆبایلەکە ڕوونی 50 مێگاپێکسڵە. هەروەها کامێرای گۆشە فراوانەکەی ڕوونی 12 مێگاپێکسڵە و کامێرای سێڵفی 10 مێگاپێکسڵە. پاترییەکەی گەورەتر کراوە و ئێستا قەبارەی 4,300 مللی ئەمپێر/کاتژمێرە و پشتگیری لە بارگاوی کەرەوەی 25 واتی وایەر و 15 واتی بێتەل دەکات. یەکەمین مۆبایلی سامسۆنگ دەبێت لە پاکەتەوە وەشانی ڕووکاری بەکارهێنەری One UI 8.0 بنچینەکراو لەسەر ئەندرۆید 16ی لەسەر جێگیر کرابێت. نرخی مۆبایلەکە بۆ بیرگەی 512 گێگابایت و ڕامی 12 گێگابایت بریتییە لە 1,479,000 دیناری عێراقی.

هەرچی دەربارەی مۆدێلی FE ـیە کە بۆ یەکەمین جارە نمایش دەکرێت، جیاوازی لەگەڵ جۆری ئاسایی ئەوەیە کە پاترییەکەی 4,000 مللی ئەمپێر/کاتژمێرە، هەروەها چیپسێتی Exynos 2400 لەسەر جێگیر کراوە.

جیا لەوەش ڕوونمای سەرەکی قەبارەی 6.7 ئینجە و ڕوونی کەمترە و ڕوونمای دووەمیشی بچووکترە و قەبارەی 3.4 ئینجە. هەروەها ڕامی 8 گێگابایتە و بژاردەی 12 گێگابایتی نییە. لەگەڵ هەموو ئەمانەش نرخی مۆبایلەکە بۆ بیرگەی 256 گێگابایت و ڕامی 8 گێگابایت بریتییە لە 1,099,000 دیناری عێراقی.

لەگەڵ کڕینی ئەم مۆبایلانەدا دەتوانیت 6 مانگ بە خۆڕایی زیرەکی دەستکردی Gemini AI Pro بەدەست بهێنیت

بۆچونی تۆ