ئەپ و نەرمەکاڵا
26, تشرینی یەکەم 2023
شاومی سیستەمی وەگەڕخەری HyperOSـی بە قەبارەی کەمتر و بوونی تایبەتمەندی ژیری دەستکرد ڕاگەیاند

دوای زیاتر لە دەیەیەک لە بەکارهێنانی ڕووکاری بەکارهێنەری MIUI شاومی سیستەمی وەگەڕخەری HyperOSـی بە باشتر کردنی توانا و قەبارەی کەمتر و بوونی تایبەتمەندی ژیری دەستکرد ڕاگەیاند.
لەگەڵ سیستەمە نوێیەکەی شاومی کۆمەڵێک بژاردەت دەبێت لە دەستکاری کردنی شاشەی قوفڵ (Lock Screen) وەک گۆڕینی فۆنت و دانانی وێجت و …هتد. بەشی Control Centerـیش نوێکراوەتەوە و وێنۆچکەی ئەپەکانیش هەمان شێوەی ڕووکاری MIUI هەیە.

قەبارەی سیستەمەکە لە ئامێرێک بۆ ئامێرێکی دیکە دەگۆڕێت، بەڵام ئەوەی جێگای سەرسوڕمانییە قەبارەکەی تەنها 8.75 گێگابایتە کە بچووکترینە لە جیهانی مۆبایلدا لە ئێستادا.

شاومی گرینگی بە ژیری دەستکردیش داوە لە سیستەمە نوێیەکەی و مۆدێلێکی ژیری دەستکردی تایبەتی پەرەپێداوە. تایبەتمەندی Xiaomi input Assistant یارمەتیدەر دەبێت بۆ تەواوکردنی دەقەکان بە یارمەتی ژیری دەستکرد، هەروەها WPS Document Scannings بۆ دەرهێنانی دەق لە دۆکیومێنتەکان و …هتد.
شاومی دەڵێت سیستەمە نوێیەکە ئەزموونێکی باش بە بەکارهێنەر دەبەخشێت بۆ بەکارهێنانی ئەپەکان لە چەند ئامێرێکی جیاوازدا، بۆ نمونە بەکارهێنانی کامێرای مۆبایلەکەت وەکو فەیس کامی کۆمپیوتەرەکەت لە کاتی کۆبۆتەوە سەرهێڵییەکان. هەروەها هاوبەشی پێکردنی ئاگانامەکان لە نێوان ئامێرەکاندا.

سیستەمە نوێیەکە لە مانگی 12ـی ئەمساڵ لە چین بەردەست دەبێت و لە چارەکی یەکەمی ساڵی داهاتووش بۆ جیهان. هەروەها زنجیرە مۆبایلی Xiaomi 14 و مۆبایلی Redmi K60 Extreme Edition و Xiaomi Pad 6 Max یەکەمین ئەو ئامێرانە دەبن کە کار بە سیستەمە نوێیەکە دەکەن.
موحەمەد نەجات
نوسەری پێشکەوتوو لە ماڵپەڕی کەی ئای تی ئێن، دەرچووی بەشی سیستەمی زانیاری کارگێڕی.