تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
2, نیسان 2024
تێلەگرام پێش واتسئەپ دەداتەوە لە بەردەست خستنی هەندێک تایبەتمەندی بازرگانی

تێلێگرام لە ئێستادا وەک واتسئەپ بەکارناهێنرێت، بەڵام بەهۆی تایبەتمەندییە نوێیەکانیەوە بازرگانەکان دەتوانن وەک بژاردەیەکی پەیوەندی کردن بە کڕیارەکانیانەوە بەکاری بهێنن. هەر کەسێک بیەوێت لە ئێستادا دەتوانێت جۆری هەژمارەکەی لە ئاساییەوە بگۆڕێت بۆ هەژماری بازرگانی. لەگەڵ گۆڕینی جۆری هەژمارەکە، بەکارهێنەر دەست دەگات بە چەندین تایبەتمەندی کە بۆ ئەوە دانراون کڕیارەکان ئاسانتر بتوانن پەیوەندییان پێوە بکەن. بازرگانەکان دەتوانن کاتژمێرەکانی کارکردنیان لە هەژماری خۆیاندا پیشان بدەن و شوێنی خۆیان لەسەر نەخشە دیاری بکەن. هەروەها دەتوانن کاتەکانی کار کردنیان دیاری بکەن و کڕیار ڕاستەوخۆ بزانێت کە ئەم فرۆشگایە لە کاتژمێر چەند بۆ چەند کراوەیە.

هەروەها بازرگانەکان دەتوانن لاپەڕەی دەستپێکردنیان (Start page) بەپێی خواستی خۆیان دابنێن و زانیاری دەربارەی بەرهەم و خزمەتگوزارییەکانیان لە چاتدا پیشان بدەن، بەمەش کڕیاران دەزانن کە ئەم فرۆشگایە چی پێشکەش دەکات پێش ئەوەی پەیوەندی بکەن پێوەی. بۆ ئەوەی وەڵامدانەوەی پرسیار ئاسانتر و خێراتر بێت، هەژماری تێلێگرامی تایبەت بە بازرگانی دەتوانن پەیامی پێشوەختە دروست بکەن و بەکاری بهێنن وەک وەڵامی خێرا و کورت. هەموو ئەم تایبەتمەندییانە بۆ بەکارهێنەرانی تێلەگرام پریمییەم بەردەست دەبێت، واتە بۆ بەکارهێنەری ئاسایی و بەشدار بووانی خۆڕایی بەردەست نابێت.
میران ئەبوبەکر
بەڕێوبەری نووسین لە پێگە و ماڵپەڕی کەی ئای تی ئێن، خوێندکاری کۆلێژی پزیشکی دەرمانسازی.