هەواڵ 10, کانوونی یەکەم 2024

وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا بیتکۆین بە زێڕی دیجیتاڵی ناو دەبات

وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا ڕاپۆڕتی خۆی بۆ چارەکی چوارەمی ساڵی دارایی 2024 بڵاو کردەوە. خاڵی جێی سەرنجی ڕاپۆڕتەکە ئەوەیە کە بیتکۆین بە زێڕی دیجیتاڵی ناوی هێنراوە. لە ڕاپۆڕتەکەدا بە گشتی دەردەکەوێت کە سامانی دیجیتاڵی گەشەیەکی خێرای بەخۆیەوە بینیوە.

وەک دەردەکەوێت، ڕاپۆڕتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە:

“سامانە دیجیتاڵیەکان گەشەیەکی خێرایان سەندووە. ئەو گەشەیە لە ڕێگای دراوە دیجیتاڵیە ناوخۆیەکانی وەکوو بیتکۆین و ئێثێریۆم و دراوە سەقامگیرەکان (Stable Coin’s) سەرچاوەی گرتووە.”

“پێدەچێت بەکارهێنانی سەرەکی بیتکۆین وەکوو کەرەستەی پاشەکەوت کردنی بەها، هەمان “زێڕی دیجیتاڵە” لە جیهانی دارایی نامەرکەزیدا.

ئەوەش لە کاتێکدایە کە بەهای بیتکۆین لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە سەد هەزار دۆلار تێپەڕی و بەهای بازاڕەکەی نزیکە لە ٢ تریلیۆن دۆلار و هەندێک لە ئابووریناسەکان پێیان وایە کە بیتکۆین، ڕکابەری سەرەکی ئاڵتوون دەبێت لە داهاتوودا.

سەرمایەی خەوێنراو لەناو بازاڕی دراوە دیجیتاڵیەکان ڕۆژبەڕۆژ ڕووی لە زیادبوونە و وڵاتە پێشکەوتووەکان پلانیان هەیە بۆ سەرمایەگوزاری لە دراوە دیجیتاڵیەکاندا؛ بەتایبەتی ئەمەریکا کە بەپێی وتەی دۆناڵد تڕەمپ، ئەو وڵاتە لە داهاتوودا دەبێت بە پایتەختی دراوە دیجیتاڵیەکان.

ئەمەریکا ڕۆڵێکی گەورەی هەیە لە گەشەی بازاڕی دراوە دیجیتاڵیەکان؛ بەشێوەیەک دوای هەرجار هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی لەو وڵاتە، بیتکۆین و بازاڕی کریپتۆ گەشەیەکی زۆریان بەخۆیانەوە بینیوە.

بۆچونی تۆ