شاومی
3, ئازار 2025
بیستۆکە نوێیەکەی شاومی دەتوانێت لە ڕێگەی Wi-Fi دەنگ بگوازێتەوە

شاومی بیستۆکی نوێی Buds 5 Proی نمایش کرد کە یەکەمین بیستۆکی جیهانە چیپسێتی Qualcomm S7 Pro لەسەر جێگیر بکرێت بۆ گواستنەوەی دەنگ لە ڕێگەی Wi-Fi لە پاڵ Bluetooth ـدا. بە بێ بەکارهێنانی هیچ وزەیەکی زیاتر. وەشانێکی بیستۆکەکەش بەردەست دەبێت کە تەنها پشتگیری لە Bluetooth دەکات. بۆ ئەو وەشانەی کە پشتگیری لە Wi-Fi دەکات، دەتوانیت لە مۆبایلەکەت دوور بکەویتەوە بەبێ ئەوەی پەیوەندییەکە تێکبچێت، بە مەرجێک لە مەودای تۆڕی وای فایەکەتدا بمێنیتەوە.

لە ئێستادا، وەشانی Wi-Fi ئەم بیستۆکانە تەنها لەگەڵ هەردوو مۆبایلی Xiaomi 15 و 15 Ultra گونجاون و لەوانەیە لە داهاتوودا لەگەڵ مۆبایلی زیاتر بگونجێندرێن. بەڵام بەهۆی سنووردار کردنی ڕەقەکاڵا (Hardware) لە داهاتووشدا ئەگەر کار بکەن تەنها لەگەڵ ئەو مۆبایلە کار دەکەن کە چیپسێتە ئاست بەرزەکانی کواڵکۆمیان لەسەر جێگیر کراوە، وەک Gen 3 یاخوود 8 Elite. ئەمەش مانای ئەوەیە هەرگیز لە ڕێگەی Wi-Fi پەیوەست بە ئایفۆن یان هەر بەرهەمێکی دیکەی ئەپڵ نابێت. وەشانی Wi-Fi بەرگەی 10 کاتژمێر کار کردن (40 کاتژمێر بە کەیسەوە) دەگرێت و وەشانی Bluetooth بەرگەی 8 کاتژمێر کار کردن دەگرێت.
نرخی جۆری Wi-Fi بۆ ئەوروپا نزیکەی 240 دۆلار و جۆری Bluetooth نزیکەی 200 دۆلارە.
میران ئەبوبەکر
بەڕێوبەری نووسین لە پێگە و ماڵپەڕی کەی ئای تی ئێن، خوێندکاری کۆلێژی پزیشکی دەرمانسازی.