سامسۆنگ
6, ئەیلوول 2025
ڕێندەری زنجیرە مۆبایلی گالەکسی ئێس 26 دزەی پێکرا

هێشتان چەند مانگێک ماوە بۆ مانگی 1ی ساڵی داهاتوو و نمایش کردنی زنجیرە مۆبایلی گالەکسی ئێس 26 بەڵام ڕێندەری مۆبایلەکان دزەی پێکرا. پێشبینی دەکرێت بۆ ئەمساڵ جۆری پڵەس بەردەست نەبێت و جۆری ئاسایی ناوەکەی بگۆڕێت بۆ جۆری پرۆ.
Galaxy S26 Edge
بە پێی ڕێندەرەکان بێت، دیزاینی تەواوی زنجیرەکە گۆڕانکاری تێدا کراوە بەڵام دیارترینیان Galaxy S25 Edge ـە کە دیزاینی نزیک کراوەتەوە لە زنجیرەی ئایفۆن 17. هەروەها گۆڕانکاری لە دیزاینی جۆری پرۆ و ئەڵترا کراوە بەڵام کەمتر.
Galaxy S26 Ultra
پێشبینی هەندێک لە تایبەتمەندییەکانی جۆری پرۆ و ئەڵتراش کراوە. بە پێی پێشبینییەکان جۆری پرۆ خاوەن ڕوونمایەکی قەبارە 6.27 ئینجی دەبێت و ئەستووری کەمتر دەبێت لە نەوەی پێش خۆی. کامێرای سەرەکی دواوەی ڕوونی 50 مێگاپێکسڵ دەبێت و کامێرای تێلەفۆتۆی 10 مێگاپێکسڵی و گۆشە فراوانی 12 مێگاپێکسڵی دەبێت. پاترییەکەی قەبارەی 4,300 مللی ئەمپێر/کاتژمێر دەبێت و بە وایەر پشتگیری لە بارگاوی کەرەوەی 45 وات و بە بێتەل بە تەکنەلۆژیای Qi2 بارگاوی دەبێتەوە.
Galaxy S26 Pro
هەرچی جۆری ئەڵترایە، پێشبینی دەکرێت گۆڕانکاری لە کامێرای تێلەفۆتۆی بکرێت و ڕوونی بەرز بکرێتەوە بۆ 12 مێگاپێکسڵ. هەروەها هێزی بارگاوی کەرەوەی بە شێوەی وایەر بەرز بکرێتەوە بۆ 60 وات.
میران ئەبوبەکر
بەڕێوبەری نووسین لە پێگە و ماڵپەڕی کەی ئای تی ئێن، خوێندکاری کۆلێژی پزیشکی دەرمانسازی.