ژیری دەستکرد AI
4, شوبات 2026
چۆن ڤیدیۆی ساختەی AI دەناسیتەوە؟ (٤ ئامرازی بێ بەرامبەر)

بەهۆی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیاوە، ڤیدیۆ ساختەکان (Deepfakes) هێندە ورد بوونەتەوە کە زۆر جار بە چاوی ئاسایی جیاناکرێنەوە. لێرەدا چوار ئامرازی بێ بەرامبەر دەخەینە ڕوو کە یارمەتیدەرن بۆ ئاشکراکردنی ڕاستییەکان:
١. Deepware (خێرا و ئاسان) ئەم ئامرازە زۆر سادەیە. تەنها پێویستە بچیتە ماڵپەڕەکەیان و بەستەری (Link) ڤیدیۆکە دابنێیت یان فایلەکە ئەپلۆد بکەیت. سکانەرەکە شیکاری دەکات و پێت دەڵێت ئایا ڤیدیۆکە “گوماناوییە” یان نا. خاڵی جیاکرەوەی ئەوەیە بەکارهێنانی ئاسانە و خێرایە.

٢. Attestiv.Video (شیکاری بە ژمارە) ئەم سەکۆیە مانگانە ڕێگەت دەدات تا ٥ ڤیدیۆ بە بێ بەرامبەر پشکنینی بۆ بکەیت (بە مەرجێک ڤیدیۆکان لە ٢ خولەک کەمتر بن). دوای پشکنین، نمرەیەکی گومان (Suspicion Rating) دەدات بە ڤیدیۆکە؛ چەند نمرەکە بەرزتر بێت، ئەگەری ساختەبوونی زیاترە. خاڵی جیاکەرەوەی پێدانی نمرەی وردە بۆ ئاستی گومان.

٣. InVID (بۆ وردبینەکان) ئەمەیان وەک (Extension) بۆ وێبگەڕی Chrome کاردەکات. جیاواز لەوانی تر، ڕاستەوخۆ پێت ناڵێت “ساختەیە”، بەڵکو ڤیدیۆکە پارچە پارچە دەکات بۆ وێنە (Keyframes). ئەمەش ڕێگەت دەدات بە وردی سەیری دەموچاوەکان بکەیت و بەدوای هەڵە و ناتەواوییەکاندا بگەڕێیت. خاڵی جیاکەرەوەی ئەوەیە کە گونجاوە بۆ ئەوانەی دەیانەوێت بە دەستی خۆیان وردبینی بکەن.

٤. ChatGPT (شیکاری زیرەک) هەرچەندە تایبەت نییە بەم کارە، بەڵام دەتوانیت وێنەیەک (Screenshot) لە ڤیدیۆکە بگریت یان فایلەکە ئەپلۆد بکەیت و لێی بپرسیت “ئایا ئەمە بە AI دروستکراوە؟”. ChatGPT شیکاری بۆ جووڵەی دەموچاو و ناتەواوییەکان دەکات و وەڵامێکی وردت دەداتێ و شیکاری وەسفی ورد دەدات دەربارەی ناتەواوییەکان.

بە کورتی، ئەگەر گومانت لە ڤیدیۆیەک هەبوو، تەنها پشت بە چاوی خۆت مەبەستە و یەکێک لەم ئامرازانە تاقی بکەرەوە.
سەردار عبدالله
مامۆستای زانکۆ و هەڵگری ماستەر لە فێرکردنی زمانی ئینگلیزی و تەکنەلۆژیا. ساڵانێکە هەواڵ و زانیاری بە زمانی کوردی دەنوسم و ئێستاش لێرە هەم نوسەر و هەمیش بەڕێوەبەری گشتیم بۆ ماوەی زیاتر لە ١٤ ساڵە. هەروەک گرافیک دیزاینەریش خەونی منە! کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانم بکەن بۆ ئەوەی زیاتر بمناسن!