ئەپڵ
26, ئاب 2026
ئەپڵ یەکەمین چیپی 2 نانۆمەتری (M6) و Mac mini نوێی ڕاگەیاند!

کۆمپانیای ئەپڵ بە فەرمی پەردەی لەسەر یەکەمین پڕۆسێسەری 2 نانۆمەتری خۆی بە ناوی M6 لادا، کە هاوکاتە لەگەڵ ڕاگەیاندنی چیپی M5 Ultra و نوێکردنەوەی ئامێرەکانی Mac Studio. ئەم چیپە نوێیەی M6 کە پشت بە تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی (TSMC) دەبەستێت، خراوەتە ناو کۆمپیوتەری نوێی Mac miniـیەوە و هێزێکی بێوێنە دەبەخشێتە بەکارهێنەران.
چیپی M6 خاوەنی 12 ناوکی CPUـیە (کە پێکهاتووە لە 2 ناوکی سوپەر، 4 ناوکی ئاست بەرز، و 6 ناوکی کارامە بۆ وزە). ئەپڵ دەڵێت ئەم چیپە خاوەنی خێراترین توانای پێشکەشکردنی تاک-ناوکییە (Single-threaded) و تا 20% خێراترە لە کاری فرە-ناوکی (Multi-threaded) بەراورد بە چیپی M5. لە ڕووی گرافیکیشەوە، 12 ناوکی GPUـی هەیە کە یەکەی خێراکەری ژیریی دەستکردی تێدایە، و پێشکەشکردنی گرافیک بە ڕێژەی 30% بەرز دەکاتەوە. پێکهاتە نوێیەکەی گرافیک ڕێژەی 50% خێرایی بۆ وێنە ئاڵۆزەکان زیاد دەکات.
پڕۆسێسەرە نوێیەکە پشت بە یەکەیەکی نوێی دووانە 16-ناوکی دەبەستێت بۆ ژیریی دەستکرد (Neural Engine). هەروەها پشتگیری لە 32 گێگابایت بیرگەی یەکخراو (Unified Memory) دەکات بە خێرایی گواستنەوەی 170 گێگابایت لە چرکەیەکدا، کە ئەمەش کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر خێراکردنی مۆدێلە زمانەوانییەکان (LLMs) دەبێت.
لە ئێستادا دەتوانیت Mac mini نوێ بە یەکێک لە چیپەکانی M6 یان M5 Pro داوا بکەیت. ئامێرەکە کۆمەڵێک دەرچەی گرنگی تێدایە لەوانە: دەرچەی ئینتەرنێتی 2.5GbE، دوو دەرچەی USB-C، سێ دەرچەی Thunderbolt 4 لە بەشی پشتەوە، لەگەڵ دەرچەی HDMI. بۆ پەیوەندی بێتەلیش، ئێستا پشتگیری لە Wi-Fi 7 دەکات.
نرخی Mac mini بە چیپی M6 لە 899 دۆلارەوە دەستپێدەکات (بۆ خوێندکارانیش 799 دۆلارە)، کە ئەمەش بەراورد بە وەشانی M4 کە 599 دۆلار بوو بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە. بەڵام ئەگەر وەشانی M5 Pro هەڵبژێریت، نرخەکەی لە 1,699 دۆلارەوە دەستپێدەکات. لە ئێستادا دەتوانیت داواکاری پێشوەختە بکەیت، و لە 22ی مانگی 9 دا ڕەوانەی کڕیاران دەکرێت و دەخرێتە بازاڕەوە.
سەردار عبدالله
مامۆستای زانکۆ و هەڵگری ماستەر لە فێرکردنی زمانی ئینگلیزی و تەکنەلۆژیا. ساڵانێکە هەواڵ و زانیاری بە زمانی کوردی دەنوسم و ئێستاش لێرە هەم نوسەر و هەمیش بەڕێوەبەری گشتیم بۆ ماوەی زیاتر لە ١٤ ساڵە. هەروەک گرافیک دیزاینەریش خەونی منە! کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانم بکەن بۆ ئەوەی زیاتر بمناسن!