سێرڤه‌ر 30, ئاب 2026

هەمارگەی هەوری (Cloud Storage) چییە؟ بەزمانێکی سادە و بەنمونەوە

ڕۆژانە زۆربەمان هەمارگەی هەوری واتا کلاود ستۆرج بەکاردەهێنین، بەڵام بەداخەوە لە چەمکەکە بەباشی تێ نەگەیشتووین. لەم جۆرە هەمارگەیە لە جیاتی ئەوەی وێنە، ڤیدیۆ، پەڕگە یان فایلی کۆمپانیاکەت بخەیتە سەر بیرگە جیاوازەکان (هارد و میمۆری)، دەیخەیتە سەر ئینتەرنێت. کۆمپانیا گەورەکانی وەک، Google، Apple، Microsoft، Amazon، ڕاژە (سێرڤەر)ی زەبەلاحیان هەیە؛ تۆ فایل و پەڕگەکانت لەلای دادەنێیت و لە هەر شوێنێکی دونیا بیت بە مۆبایل یان کۆمپیوتەر دەستت پێیان دەگات.

چۆن ئیش دەکات؟

فایلەکان لە هەوادا نین بەڵکو داتاکانت دەچنە سەر سێرڤەری کۆمپیوتەری زۆر بەهێز لە ناوەندەکانی زانیاری ناسراو بە (Data Centers). هەمان فایل لەسەر چەندین ڕاژەی جیاواز کۆپی دەکرێت؛ ئەگەر ڕاژەیەکیان بسوتێت یان بکوژێتەوە، ڕاستەوخۆ لەوەی ترەوە بۆت دەکرێتەوە.

بۆچی هەموو کەس ڕووی تێکردووە؟

پێویست ناکات ملیۆنان دینار بدەیتە هاردی گرانبەها یان ڕاژەی گەورە بۆ ژووری کۆمپانیاکەت؛ بەقەدەر پێویستیت پارە دەدەیت (وەک کارتی ئینتەرنێت/مۆبایل وایە).

هەر کاتێک جێگات نەما، تەنها بە یەک کلیک قەبارەکەت بۆ زیاد دەکەن بەبێ ئەوەی پارچە بکڕیت. چەند کەسێک لە چەند شارێکی جیاوازەوە دەتوانن لەسەر یەک فایل لە یەک کاتدا ئیش بکەن. ئەگەر کۆمپیوتەرەکەت تێکبچێت، بدزرێت، یان بسوتێت، خەمت نەبێت؛ هەموو شتێکت لەسەر هەمارگە هەوریەکەت (Cloud Storage) ماوە.

جۆرەکانی هەمارگەی هەوری (کڵاو ستۆرج) بە کورتی:

  • گشتی (Public): وەک Google Drive و Dropbox؛ هەموو خەڵک دەتوانن بەشداریی تێدا بکەن.
  • تایبەت (Private): تایبەتە بە یەک کۆمپانیا، نەخۆشخانە یان بانک و کەسی تر بۆی نییە پێی بگات.
  • تێکەڵ (Hybrid): تێکەڵەیەکە لە گشتی و تایبەت؛ فایلی زۆر هەستیار لە شوێنی تایبەت دادەنێن و فایلە ئاساییەکان لە شوێنی گشتی.
  • فرەکلاودی (Multicloud): کاتێک کۆمپانیایەک لە یەک کاتدا چەند کۆمپانیایەکی وەک (AWS و Google Cloud) پێکەوە بەکاردێنێت.

پارەدانەکەی چۆنە؟

  • (Pay-as-you-go): چەند بەکاربێنیت، ئەوەندە پارە دەدەیت.
  • نرخی مانگانە: دەکرێت بۆ 100 گێگابایت (GB) مانگانە لە نێوان 1.99$ بۆ 10$ بدەیت؛ بەپێی خزمەتگوزاریی کۆمپانیاکە و جۆری ئەو ئاسایشەی داوای دەکەیت.

کێ زیاتر بەکاری دەهێنێت؟

  • خەڵکی ئاسایی: بۆ هەڵگرتنی وێنە و ڤیدیۆی مۆبایل لە رێگەی، بۆ نمونە iCloud یان Google Photos.
  • کۆمپانیاکانی فیلم و یاری: وەک Netflix کە ڤیدیۆکانی لەسەر کلاود دادەنێت تا بەبێ پچڕان سەیری بکەیت.
  • سیستەمەکانی زیرەکی دەستکرد (AI): چونکە AI پێویستی بە داتای یەکجار زەبەلاح هەیە بۆ ئەوەی فێربێت.
تاگەکان CloudStorage سێرڤه‌ر
بۆچونی تۆ