ئامێرە هەمەجۆرەکان 4, كانونی دووه‌م 2020

لەمەودوا دەتوانیت بەرگی AirPods ـەت بە ئیمۆجی لە لایەن ئەپڵەوە بە خۆڕایی بنەخشێنیت

لەگەڵ ڕاگەیاندنی نەوەی دووەمی بیستۆکی بێوایەری AirPods لە ساڵی ڕابردوودا، ئەپڵ چەند بژاردەیەکی بۆ بەکارهێنەرانی بیستۆکەکە بەردەست کردبوو تایبەت بە نەخشاندن لەسەر بەرگەکەی، لەوانە؛ نووسینی پیت بوو. دوێنێ کۆمپانیاکە بژاردەیەکی نوێ و جیاوازی بۆ بەکارهێنەرانی بیستۆکە بێوایەرە ڕاگەیاند.

لە پەڕەی ماڵپەڕی فەرمی ئەپڵدا، کۆمپانیاکە ئاشکرای کرد کە لەمەودوا کڕیاران و بەکارهێنەرانی بیستۆکی بێوایەری AirPods و AirPods Pro دەتوانن ئیمۆجییەکی دڵخوازیان لەسەر بەرگی بیستۆکە بێوایەرەکە بنەخشێنن. بەداخەوە، ئیمۆجییەکان ڕەنگاوڕەنگ نین و تەنها 30 بژاردەی ئیمۆجی بەردەستە بۆ نەخشاندن. گرنگترین ئیمۆجییەکان بریتین لە؛ دەموچاوی پێکەنین، دڵ، گیانەوەری شاخدار، خێو، پشیلە، بوونەوەری ئاسمانی و تەنانەت پیساییش. هەروەها بژاردەی نەخشاندنی پیت بە فۆنتی جیاوازی دیکەش بەردەستە.

ئەنجامدانی ئەم جوانکارییە لە ڕێگەی کۆگای سەرهێڵی ئەپڵ یاخود کۆگا فەرمییەکانی کۆمپانیاکە ئەنجام دەدرێت و بە خۆڕایی و بە بێ وەرگرتنی هیچ بڕە پارەیەک ئەنجام دەدرێت. هێندەی دەزاندرێت، کۆگا فەرمییەکانی ئەپڵ لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کەنەدا، شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا، ئوستڕاڵیا، ژاپۆن و هەندێکی دیکە توانای ئەنجامدانی ئەم جوانکارییەیان هەیە و هەموو کۆگا فەرمییەکانی کۆمپانیاکە ناگرێتەوە. بەداخەوە، لە کوردستان تاوەکو ئێستا هیچ کۆگایەکی فەرمی ئەپڵمان نییە.

سەرچاوە 9To5Mac
بۆچونی تۆ