ئەپڵ
29, تشرینی یەکەم 2019
ئەپڵ وەشانی macOS Catalina 10.15.1 ـی بە دەیان ئیمۆجی نوێ و زیاترەوە بۆ بەکارهێنەران بەردەستکرد

لە دوای ئەوەی ئەپڵ وەشانەکانی iOS 13.2 و iPadOS 13.2 ـی بۆ سەرجەم بەکارهێنەران بەردەستکرد، ئەمڕۆ کۆمپانیاکە وەشانی macOS Catalina 10.15.1 ـی بە دەیان ئیمۆجی نوێ و زیاترەوە بۆ سەرجەم بەکارهێنەرانی ئامێرەکانی ماک بەردەستکرد.
وەشانە نوێیەکە خاوەن زیاتر لە 70 ئیمۆجی نوێ و تایبەتمەندی HomeKit Secure Video و زیاترە. ئەمە یەکەم وەشانی پڕ لە چاکسازی macOS Catalina ـە لەو کاتەوەی کە لە سەرەتاکانی ئەم مانگەوە یەکەمین وەشانی لێ بەردەست کرا.

ئەمانە گرنگترین گۆڕانکارییەکانی وەشانی نوێی macOS Catalina 10.15.1 ـن:
- زیادکردنی زیاتر لە 70 ئیمۆجی نوێ. گرنگترین ئیمۆجییە نوێیەکان بریتین لە ڕۆڵگێڕی خەواڵوو، ئاماژەکەری بیستن، ئاماژەکەری کەمئەندامی و کوێری، ژمارەیەک ئاژەڵ و خواردن و کەرەستەی لاوەکی. هەروەها ژمارەیەک ئیمۆجی تایبەت بە ڕەگەزی نێر و مێ بە ژمارەیەکی زۆر ڕەنگی پێستەوە زیادکراون.
- زیادکردنی پشتگیری AirPods Pro.
- زیادکردنی تایبەتمەندی HomeKit Secure Video بۆ سەیرکردنی دیمەنەکانی کامێرای چاودێری شوێنی نیشتەجێبوون یاخود شوێنی کارەکەت.
- زیادکردنی بژاردەیەکی نوێی تایبەتمەندێتی Siri کە دەتوانیت لە ڕێگەیەوە ڕێگری لە هاوبەشیپێکردنی دەنگەکانت لە لایەن Siri ـییەوە بکەیت، بۆ ئەم مەبەستەش پەنجەرەیەکی تایبەت لە دوای نوێکردنەوەی وەشانەکەوە بەدی دەکەیت.
- زیادکردنی بژاردەیەک بۆ سڕینەوەی مێژووەکانی Siri.
چۆنیەتی نوێکردنەوەی وەشانی ماکەکەت بۆ macOS Catalina:
- کردنەوەی ئەپی System Preferences.
- کردنەوەی بەشی Software Update.
- کرتە کردن لە دوگمەی Upgrade Now ئەگەر ماکەکەت ئامادەیە بۆ پڕۆسەکە.
ماکوان بەرزان
نووسەری پێشکەوتوو لە Kitn لە ٢٠١٨ ـەوە.
ئەندازیاری iOS لە Gateway.
خوێندکاری ئەندازیاریی ئایتی لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی.