شاومی
22, شوبات 2024
بەفەرمی شاومی مۆبایلی Xiaomi 14 Ultra نمایش کرد: نوێکراوەتەوە
بەفەرمی شاومی مۆبایلی Xiaomi 14 Ultra لە چین نمایش کرد، هەروەها لە ڕۆژی 25ی ئەم مانگە لە شاری بارسیلۆنا لە کۆنگرەی MWC 2024 بۆ بازاڕەکانی جیهانیش نمایش دەکرێت. لە ڕووی دیزاینەوە گۆڕانکاری بەسەردا نەهاتووە، هەتوەها هەروەها وەشانێکی تایبەتی بەردەست دەبێت کە چوار چێوەکەی تیتانیۆم پێکهاتووە. سەرنجی سەرەکی شاومی لەسەر کامێراکانی مۆبایلەکەیە کە لەگەڵ کۆمپانیای ڵایکا بەرهەم هێنراوە، چوار کامێرا لە خۆ دەگرێت لە بەشی پشتەوەی بە ڕوونی 50 مێگاپیسکڵ بۆ هەر یەکێک لە کامێراکانی.
کامێرای سەرەکی قەبارەی 1 ئینجە بە هەستەوەری LYT-900 کۆمپانیای سۆنی، کە بە ڕێژەی %136 ڕووناکی زیاتر وەردەگرێت لە نەوەی پێشووتر. هەروەها دەتوانێت وێنەی فایلی جۆری RAW بچرکێنێت. کامێرای تێلەفۆتۆکەی، توانای 3.2 هێندە نزیککردنەوەی جۆری ئۆپتیکاڵی هەیە و بە هەستەوەری Sony IMX858. توانای هەیە بە ڕوونی 4K و 60 وێنە لە چرکەیەک یاخود 120 وێنە لە چرکەیەک ڤیدیۆ تۆمار بکات، هەروەها بە ڕوونی 8K دەتوانێت ڤیدیۆ تۆمار بکات.
ڕوونماکەی لە جۆری AMOLED و بە پانێڵی LTPO و ڕوونی 1440*3200 و پیسکڵ و قەبارەی 6.73 ئینجە و تێکڕایی نوێ بوونەوەی 120 هێرتزە، هەروەها پشتگیری +HDR10 دەکات و ڕووناکت تاوەکو 3,000 نیتە. چیپسشتی Snapdragon 8 Gen 3 لەسەر جێگیر کراوە. قەبارەی پاترییەکەی گەورەتر کراوە و ئێستا 5,300 مللی ئەمپێر / کاتژمێرییە.
نرخی دەستپێکی مۆبایلەکە بۆ ڕامی 12 گێگابایت و بیرگەی 256 گێگابایت بریتییە لە 898 دۆلار و بۆ بیرگەی 512 گێگابایت و ڕامی 16 گێگابایت بریتییە لە 974 دۆلار و بۆ بیرگەی 1 تێرابایت و ڕامی 16 گێگابایت بریتییە لە 1082 دۆلار و جۆرە تایبەتەکەی کە لە تیتانیۆم پێکهاتووە نرخی بریتییە لە 1223 دۆلار.
جۆری جیهانی مۆبایلەکە پاترییەکەی 5,000 مللی ئەمپێر/کاتژمێرە لە جیاتی 5,300 مللی ئەمپێر/کاتژمێر. نرخی جۆری جیهانی مۆبایلەکە بریتییە لە 1,499 یۆرۆ بۆ بیرگەی 512 گێگابایت و ڕامی 16 گێگابایت.
*نوێکراوەتەوە: جۆری جیهانی مۆبایلەکە و نرخەکەی ئاشکرا کرا.
موحەمەد نەجات
نوسەری پێشکەوتوو لە ماڵپەڕی کەی ئای تی ئێن، دەرچووی بەشی سیستەمی زانیاری کارگێڕی.