10
سۆنی 30, تشرینی یه‌كه‌م 2019 بۆچوون

کۆمپانیای سۆنی بە یەکجاری کۆتایی بە خزمەتگوزاری پەخشکەری PlayStation Vue دەهێنێت

بە شێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو، کۆمپانیای سۆنی بڕیاڕیدا بە یەکجاری کۆتایی بە خزمەتگوزاری پەخشکەری PlayStation Vue بهێنێت.

کۆمپانیای سۆنی لە بڵاوکراوەیەکی فەرمیدا ڕایگەیاند لە ڕێکەوتی 30 ـی مانگی 1 ـی ساڵی داهاتوودا، کۆتایی بە خزمەتگوزاری پەخشکەری PlayStation Vue دەهێنن و بۆ هەتا هەتایە ڕاژەکانی خزمەتگوزارییەکە دەوەستێنن. لە بڵاوکراوەکەدا، سۆنی ڕایگەیاندووە کە هۆکاری ئەم بڕیارەیان بۆ ڕکابەرێتی کەناڵەکان، گرانی نرخی ڤیدیۆ و ڕایەڵەکان و هێواشی پەرەسەندنی ژمارەی بەکارهێنەرانی خزمەتگوزارییەکە دەگەڕێتەوە.

هەروەها سۆنی دەڵێت بەکارهێنەرانی PS4 دەتوانن لە کۆگای PlayStation Store ـدا بەردەوام بن لە کڕینی فیلم و زنجیرەکان لە لایەن هاوبەشەکانی کۆمپانیاکەوە.

لە هەفتەی ڕابردوودا دەنگۆ هەبوو کە گوایە سۆنی بە دوای کڕیارێکدا دەگەڕێت تاوەکو PlayStation Vue ـی پێ بفرۆشێت و لە دەست خزمەتگوزارییەکە ڕزگاری ببێت.

خزمەتگوزاری PlayStation Vue ـی تایبەت بە فیلم و زنجیرە جیهانییەکان لە ساڵی 2015 ـەدا ڕاگەیاندرا و لەو کاتەوە گەشەسەندنی ژمارەی بەکارهێنەرانی خزمەتگوزارییەکە بە پێی چاوەڕوانییەکانی کۆمپانیاکە نەبووە. لە هاوینی ئەمساڵیشدا، سۆنی نرخی بەژداربوونی خزمەتگوزارییەکەی کەمکردەوە، بەو هیوایەی کە ژمارەی بەکارهێنەرانی بۆ کەمێک زیاد بکات، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ