ئەپڵ
29, تشرینی یەکەم 2024
ئەپڵ ماک مینی نوێی بە قەبارەی بچووکتر و چیپی نوێ ڕاگەیاند
ئەپڵ ماک نوێی بە چیپسێتی Apple M4 ڕاگەیاند، هەر ئەوەندە نا، بەڵکو قەبارەکەشی بچووکترە هەروەک دەنگۆکان ئاماژەیان پێ دەکرد، کە درێژی و پانی ئامێرەکە تەنها نزیکەی 13 سانتیمەترە. ئێستا کەمترین ڕامی 16 گێگابایتە و تاکو بژاردەی 64 گێگابایتیش بەردەست دەبێت بۆ چیپسێتی Apple M4 Pro. هەروەها بۆ یەکەمین جار پشتگیری لە Ray Tracing دەکات. نرخی بۆ چیپسێتی M4 لە 599 دۆلارەوە دەست پێ دەکات و نرخی بۆ چیپسێتی M4 Pro لە 1,399 دۆلار دەست پێ دەکات.
ئەپڵ ڕایگەیاند بەهۆی چوستی چیپسێتی Apple M4 توانیویانە قەبارەکەی ئەوەندە بچووک بکەنەوە. ئێستا ماک مینی نوێ وەکو ماک ستودیۆ دوو دەرچەی USB-C و دەرچەی جاک لە پێشەوە لە خۆ دەگرێت، هەروەها سێ دەرچەی USB-C و HDMI و Ethernet لە بەشی دواوە لە خۆ دەگرێت و هیچ دەرچەیەکی USB-A لە خۆ ناگرێت.
هەروەها چیپسێتی Apple M4 Pro، بە شێوەیەکی گشتی لە ڕووی خێرایی و گرافیک باشتر کراوە، 14 ناووکی CPU لە خۆ دەگرێت لەگەڵ 20 ناووکی گرافیک.
موحەمەد نەجات
نوسەری پێشکەوتوو لە ماڵپەڕی کەی ئای تی ئێن، دەرچووی بەشی سیستەمی زانیاری کارگێڕی.