ئەپڵ
1, تشرینی دووەم 2019
ئەپڵ خزمەتگوزاری پەخشکەری +Apple TV ـی بە هەبوونی ژمارەیەک فیلم و زنجیرەوە بەردەستکرد

لە پاش تێپەڕبوونی چەند مانگێکی زۆر بەسەر ڕاگەیاندنی خزمەتگوزاری پەخشکەری +Apple TV لە لایەن ئەپڵەوە، دواجار +Apple TV لێرەیە، خزمەتگوزارییەکە ئێستا بە هەبوونی ژمارەیەک فیلم و زنجیرەی تایبەتەوە بۆ بەکارهێنەران بەردەستە.
خزمەتگوزاری پەخشکەری +Apple TV تایبەتە بە فیلم و زنجیرەکان و سەرجەم فیلم و زنجیرەکانی نێو خزمەتگوزارییەکە لە لایەن ئەپڵەوە کاری بەرهەمهێنیان بۆ کراون و تایبەت دەبن بە خزمەتگوزارییەکە. جۆرایەتی (کوالێتی) ڤیدیۆی فیلم و زنجیرەکان 4K HDR ـن. نرخی بەژداریکردن 4.99$ ـە بۆ هەر مانگێک و لەگەڵ یەکەم بەژداربووندا، 7 ڕۆژ بە خۆڕایی وەردەگریت بۆ تاقیکردنەوەی خزمەتگوزارییەکە، ئەگەر بەدڵت نەبوو دەتوانیت بەر لە 7 ڕۆژەکە، بەژداربوونەکەت پوچەڵ بکەیتەوە. هەروەها دەتوانرێت خزمەتگوزارییەکە هاوبەشی پێبکرێت بۆ بەشی خێزانی Family Sharing ـی خزمەتگوزاری iCloud.

خزمەتگوزارییەکە لە ئەپی TV ـی سەکۆیەکانی iOS و iPadOS و tvOS و macOS ـدا بۆ ئامێرەکانی ئایفۆن و ئایپاد و ئایپۆد و ئەپڵ تیڤی و ماکەکان بەردەستە و بەکارهێنەران دەتوانن بە شێوەیەکی ئازاد خزمەتگوزارییەکە لەسەر سەکۆ ناوبراوەکان بەکاربهێنن.
هەروەها خزمەتگوزارییەکە لە هەریەکە لە سەکۆیەکانی Amazon Fire TV و Roku و تەنانەت وێبیشدا بەردەستە (کرتە بکە بۆ کردنەوەی خزمەتگوزارییەکە لە وێب).
خزمەتگوزاری +Apple TV فیلم و زنجیرە لە چەشنەکانی کۆمیدیا، شانۆ، هەست بزوێن، بەڵگەنامەیی و پڕۆگرامی تایبەت بە منداڵان دەستەبەر دەکات.
لە ئێستادا 8 زنجیرە و 1 فیلم لە نێو خزمەتگوزارییەکەدا بوونیان و هەن و بە بەردەوامی فیلم و زنجیرەی نوێ بۆ ناو خزمەتگوزارییەکە زیاد دەکرێت. بە بێ بەژداربوون لە خزمەتگوزارییەکە، دەتوانیت بینەری 2 زنجیرە (ئیپیسۆد) ببیت بە خۆڕایی.
ئەپڵ دەیەوێت بە شێوەیەکی بەهێز ڕکابەرێتی Netflix و هاوشێوەکانی بکات، هەر بۆیە بەم نرخی بەژداربوونە کەمەوە هاتە نێو گۆڕەپانەکەوە.
ماکوان بەرزان
نووسەری پێشکەوتوو لە Kitn لە ٢٠١٨ ـەوە.
ئەندازیاری iOS لە Gateway.
خوێندکاری ئەندازیاریی ئایتی لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی.