ئەپڵ 6, كانونی یه‌كه‌م 2019

بۆ یەکەمجار کێشەی بڵندگۆ لە لاپتۆپی نوێی MacBook Pro ـی 16 ئینجیدا بەدی کرا

تەنها چەند هەفتەیەک دەبێت کە ئەپڵ لاپتۆپی بە توانای MacBook Pro ـی 16 ئینجی ڕاگەیاندووە، گەورەترین لاپتۆپی زنجیرەی MacBook Pro تاوەکو ئێستا بەردەست کرابێت. بەڵام کڕیارانی سەرەتای لاپتۆپەکە بەردەوامن لە بەدواداچوونی کێشەکانی لاپتۆپەکە و یەکەمین کێشەیان تێدا دۆزییەوە.

پێگەی Apple Insider لە نوێترین ڕاپۆرتیدا ڕایگەیاندووە کە ژمارەیەک بەکارهێنەری MacBook Pro ـی 16 ئینجی سەرنجی ئەوەیان داوە کە گوێیان لە دووبارەبوونەوەی دەنگەکان یاخود دەنگی کلیل دەبن لە بڵندگۆی لاپتۆپەکانیانەوە. کێشەکە سەرجەم لاپتۆپە MacBook Pro ـەکانی ئەمساڵی نەگرتۆتەوە، تەنها قەبارە 16 ئینجییە نوێیەکەی نەبێت.

کێشەکە لەو کاتانەدا بەدی دەکرێت کە دەنگ یاخود ڤیدیۆیەک کار پێ دەکەیت، کاتێک کە دەیوەستێنیت و دەیگۆڕیت بۆ دانەیەکی دیکە یاخود پەنجەرەکە دادەخەیتەوە، هێشتا دەنگەکە بەردەوام دەبێت. ئەم کێشەیە بە زۆری لە کاتی بەکارهێنانی ئەپەکانی Final Cut Pro X و VLC ـدا ڕوودەدات.

تاوەکو ئێستا ئەپڵ هیچ لێدوانێکی فەرمی لەو بارەوە ڕانەگەیاندووە، بەڵام لە پەڕەی پاڵپشتی ماڵپەڕی فەرمی خۆی وەڵامی ژمارەیەک بەکارهێنەری داوەتەوە کە تووشی کێشەکە هاتوون و ڕایگەیاندووە کە ئاگادارن سەبارەت بە هەبوونی کێشەیەکی لەو جۆرە و کار لەسەر چارەسەرکردنی دەکەن.

ئەمە یەکەمجار نییە کە کێشەی دووپاتبوونەوەی دەنگ ڕووبەڕووی بەکارهێنەرانی لاپتۆپی MacBook Pro ببێتەوە، بەڵکو لە ساڵی 2016 و لە کاتی بەردەستکردنی MacBook Pro بە Touch Bar ـەوە، هەمان کێشە ڕووبەڕووی بەکارهێنەرانی لاپتۆپەکە بووەوە.

کێشەکە بێزارکەرە بۆ ئەو کەسانەی کە زۆر گوێ بە کەم و کورتییەکان دەدەن، هەروەها نرخی لاپتۆپەکەش کەم نییە و لە 2,400$ ـەوە دەستپێدەکات.

سەرچاوە Apple Insider
بۆچونی تۆ