10
ئامێرە هەمەجۆرەکان 6, تشرینی دووه‌م 2019 بۆچوون

شاومی کاتژمێری زیرەکی Mi Watch ـی بە سیستەمی Wear OS و نرخی 185$ ـەوە ڕاگەیاند

کۆمپانیای شاومی بە فەرمی کاتژمێری زیرەکی Mi Watch ـی بە سیستەمی Wear OS و نرخی 185$ ـەوە ڕاگەیاند.

لە هەفتەی ڕابردوودا، ژمارەیەک وێنەی دزەپێکراوی کاتژمێرە زیرەکەکەی شاومیمان بینی و ڕەنگە یەکەم شت کە بە مێشکتدا هاتبێت لە دوای بینینی وێنەکان، ئەوە بووبێت کە زۆر لە کاتژمێری زیرەکی Apple Watch دەچێت. کاتژمێرە زیرەکەکەی شاومی خاوەن ڕوونمایەکە بە قەبارەی 1.78 ئینج لە جۆری AMOLED و بە چڕی 326 پێکسڵ. خاوەن پاترییەکە بە توانستی 570 ملی ئەمپێر کە بەرگەی زیاتر لە 36 کاتژمێر دەگرێت. پڕۆسێسەری Qualcomm Snapdragon Wear 3100 ـی لەسەر جێگیرە و خاوەن ڕامێکە بە فراوانی 1 گێگابایت و بیرگەیەکی ناوەکی بە قەبارەی 8 گێگابایت.

کاتژمێری زیرەکی Mi Watch خاوەن هەریەکە لە تایبەتمەندییەکانی Wi-Fi ،Bluetooth ،NFC و خوێنەرەوەی ترپەی دڵە و پشتگیری لە تایبەتمەندی eSIM و ڕایەڵەی 4G دەکات.

ئەوەی جیاوازییە گەورەکە درووست دەکات، ئەوەیە کە کاتژمێرە زیرەکەکە خاوەن ڕووکاری تایبەتی MIUI ـی کاتژمێرەکانە کە لەسەر سیستەمی Wear OS ـی گووگڵ بنچینە کراوە. هەروەها خاوەن ژمارەیەک ئەپی تایبەت بە خۆیەتی، لەوانە؛ ئەپەکانی Tasks و Recorder و Notes، لەگەڵ ئەوەشدا خاوەن کۆگای تایبەت بە خۆیەتی بۆ ئەپەکان.

هەواڵێکی ناخۆش لەسەر ئەم کاتژمێرە زیرەکەی شاومی، ئەوەیە کە بە تەنها لە ناوخۆی چین دەفرۆشرێت. نرخی کاتژمێری زیرەکی Mi Watch نزیکەی 185$ دەبێت و لە ڕێکەوتی 11 ـی ئەم مانگەدا لە بازاڕەکانی چین دەست دەکرێت بە فرۆشتنی. جۆرێکی دیکەی بە نرخی 290$ لێ بەردەست دەکرێت کە بە ڕووپۆش کراوە بە ماددەی ستیلی بێخەوش.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ