هەواڵ
13, تشرینی دووهم 2019
تەنها لە دوای 1 ڕۆژ لە بەردەستکردنی، ژمارەی بەژداربووانی خزمەتگوزاری پەخشکەری +Disney گەیشتە سەروو 10 ملیۆن
دوێنێ کۆمپانیای The Walt Disney خزمەتگوزاری پەخشکەری +Disney ڕاگەیاند، ئەو خزمەتگوزارییەی بۆ چەند مانگێک هەوادارانی چاوەڕێی بەردەستکردنی بوون، تەنها لە دوای 1 ڕۆژ لە بەردەستکردنی، ئێستا خاوەن ملیۆنان بەژداربووە.
ئەمڕۆ کۆمپانیای Disney لە بڵاوکراوەیەکدا ڕایگەیاند کە خزمەتگوزاری پەخشکەری +Disney لە دوای تێپەڕبوونی 1 ڕۆژ بەسەر بەردەستبوونیدا، بووە خاوەن زیاتر لە 10 ملیۆن بەژداربوو. بێگومان، ئەمە چاوەڕوان نەکراوە، چونکە زۆرێک لە شیکەرەوەکان پێشبینییان دەکرد تاوەکو کۆتاییەکانی ئەمساڵ، ژمارەی بەژداربووانی خزمەتگوزارییەکە بگات بە 8 ملیۆن بەژداربوو. بەڵام Disney سنووری پێشبینییەکانی لەو ماوە کەمەدا تێکشکاند.
بێگومان، مەرج نییە ئەو 10 ملیۆن بەژداربووەی ئێستای خزمەتگوزارییەکە بۆ هەمیشەیی بەژداربوون لە نێو خزمەتگوزارییەکەدا بهێڵنەوە، چونکە خزمەتگوزارییەکە 7 ڕۆژی بە خۆڕایی دەدات بە بەژداربووان بە مەبەستی تاقیکردنەوەی خزمەتگوزارییەکە.
خزمەتگوزاری +Disney خزمەتگوزارییەکەی پەخشکەرە و تایبەتە بە سەیرکردنی فیلم و زنجیرە نوێیە جیهانییەکان، لە نێو خزمەتگوزارییەکەدا زیاتر لە 500 فیلمی جۆراوجۆر و زیاتر لە 7,500 زنجیرەی جۆراوجۆر بوونیان هەن. وە لە داهاتوودا ژمارەی فیلم و زنجیرەکانی نێوی ڕوو لە زیادبوون دەکەن.
نرخی بەژداریکردن لە خزمەتگوزاری +Disney ـدا، 6.99$ ـە بۆ هەر مانگێک.
پرسیار؛ تۆ یەکێکیت لە 10 ملیۆن بەژداربووەکەی خزمەتگوزاری +Disney؟
ماکوان بەرزان
نووسەری پێشکەوتوو لە Kitn لە ٢٠١٨ ـەوە.
ئەندازیاری iOS لە Gateway.
خوێندکاری ئەندازیاریی ئایتی لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی.