10
ئۆتۆمبێل 16, تشرینی دووه‌م 2019 بۆچوون

دیزاین و نرخ و گرنگترین تایبەتمەندییەکانی ئۆتۆمبێلی کارەبایی Ford Mustang Mach-E بەر لە نمایشکردنی دزەیان پێکرا

وا بڕیارە سبەینێ کۆمپانیای Ford ـی ئەمریکی ئۆتۆمبێلی کارەبایی Ford Mustang Mach-E لە بۆنەیەکی تایبەت لە شاری لۆس ئەنجلێسی ویلایەتی کالیفۆڕنیای ئەمریکا نمایش بکات. بەڵام ڕەنگە پێویست نەکات کە چاوەڕێی نمایشکردنی بکەین، چونکە گرنگترین تایبەتمەندییەکانی دزەیان پێکرا و دیزاینیشی ئاشکرابوو. کۆمپانیا ئەمریکییەکە ئۆتۆمبێلە کارەباییەکە بە “داهاتووی شادمانی” ناودەبات.

ماڵپەڕی تایبەت بە گرتن (حیجزکردن) ـی ئۆتۆمبێلی کارەبایی Ford Mustang Mach-E لە لایەن Ford ـەوە بە هەڵە کارا کرا، ئەمەش بووە هۆکاری ئاشکراکردنی دیزاین و گرنگترین تایبەتمەندییەکانی ئۆتۆمبێلە کارەباییەکەی Ford. کۆمپانیای Ford پێشتر ڕایگەیاندبوو کە ئۆتۆمبێلی کارەبایی Ford Mustang Mach-E لەسەر جۆری Mustang بنچینە دەکرێت و لە چەشنی SUV دەبێت. وێنە دزەپێکراوەکان هەمان شت پشتڕاست دەکەنەوە.

زانیارییەکانی نێو ماڵپەڕەکە ئاشکرای دەکەن کە ئۆتۆمبێلی کارەبایی Ford Mustang Mach-E بە 5 جۆری جیاواز ڕادەگەیەندرێت و جۆرەکان بریتی دەبن لە Select و Premium و California Rt. 1 و GT و First Edition.

ئۆتۆمبێلە کارەباییەکە توانای دەبێت 337 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا بە یەکجار بارگاویکردنەوە ببڕێت و بە پێی جۆرەکان مەوداکە زیاد دەکات بۆ 482 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا. وا دیارە ئۆتۆمبێلەکە بە بژاردەی AWD و RWD و بە قەبارەی ویلەکانی 18 و 19 و 20 ئینجییەوە نمایش دەکرێت. قەبارەی ویلی 18 ئینجی ئۆتۆمبێلە کارەباییەکە توانای دەبێت لە 6 چرکەدا لە 0 بگات بە 100 کیلۆمەتر و قەبارەی ویلی 19 ئینجیش توانای دەبێت لە ماوەی 5 چرکەدا لە 0 بگات بە 100 کیلۆمەتر، هەروەها قەبارەی ویلی 20 ئینجیش توانای دەبێت لە 3 چرکەدا لە 0 بگات بە 100 کیلۆمەتر.

لە ناوەوە، ئۆتۆمبێلە کارەباییەکە خاوەن ڕوونمایەکی گەورەی قەبارە 15.5 ئینج دەبێت لە ناوەڕاستدا بۆ کۆنتڕۆڵکردنی کردارەکان، هاوشێوەی ئۆتۆمبێلەکانی Tesla. هەروەها لە پشتی سووکانەوە خاوەن ڕوونمایەکی بچکۆلانەی ئاسۆیی دەبێت بۆ زانینی خێرایی و هەندێک کرداری دیکە.

لە ڕووی دیزاینەوە، خاوەن دیزاینێکی نایاب و جیاواز دەبێت، کە تاوەکو ئێستا هیچ ئۆتۆمبێلێکی Ford دیزاینی وەها جیاوازی بۆ بەکارنەهێندراوە.

نرخی ئۆتۆمبێلەکە لە 43,895$ ـەوە دەست پێدەکات و بە پێی جۆرە جیاوازەکان بەرزترین نرخی دەگاتە 60,500$، بڕی 7,500$ دەچێتە سەر نرخەکان بە هۆی باجی گومرگی فیدڕاڵییەوە.

لە کۆتاییەکانی ساڵی داهاتوودا بۆ یەکەمجار ئۆتۆمبێلەکە دەخرێتە بازاڕەکانی جیهانەوە و لە سەرەتادا جۆرەکانی First Edition و Premium ـی لێ بەردەست دەکرێت.

وا بڕیارە سبەینێ (17-11) کۆمپانیای Ford بۆنەیەکی تایبەت بە نمایشکردنی ئۆتۆمبێلی کارەبایی Mustang Mach-E لە پێشانگای Los Angeles Auto Show ـی شاری لۆس ئەنجلێسی ویلایەتی کالیفۆڕنیای ئەمریکا ئەنجام بدات.

سەرچاوە The VergeSlash Gear
بۆچونی تۆ