ئەندرۆید 28, كانونی دووه‌م 2020

سامسۆنگ دەستیکرد بە ڕەوانەکردنی وەشانی Android 10 بۆ مۆبایلەکانی Samsung Galaxy S9 و +Galaxy S9

خەریکە 2 ساڵی تەواو تێپەڕ دەبێت بەسەر بەردەستکردنی مۆبایلەکانی Samsung Galaxy S9 و +Galaxy S9، وا دیارە سامسۆنگ ئامادەکارییەکانی تەواوکرد بۆ ڕەوانەکردنی وەشانە نوێیەکەی Android بۆ مۆبایلە تەمەن 2 ساڵەکانی. بە ڕەوانەکردنی وەشانی Android 10، دەبێتە سێهەمین وەشانی گرنگ بۆ مۆبایلە ناوبراوەکانی سامسۆنگ.

کۆمپانیا کۆرییەکە دەستیکرد بە ڕەوانەکردنی وەشانی Android 10 بۆ بەکارهێنەرانی مۆبایلەکانی Samsung Galaxy S9 و +Galaxy S9 لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئەڵمانیا. قەبارەی وەشانەکە لە نێوان 1.8 و 1.9 گێگابایتدایە و خۆی دەبینێتەوە لە هەبوونی ڕووکاری OneUI 2.0 کە بنچینەکراوی وەشانی Android 10 ـە. بچووککردنەوەی نیشاندەری دەنگ، دۆخی تاریکی سەرتاسەری، دۆخی تاریک بۆ پەڕەی ماڵەوە و زیادکردنی دۆخی سەرنج (Focus Mode) گرنگترین گۆڕانکارییەکانی دیکەی وەشانە نوێیەکەن.

لە ئێستادا وەشانە نوێیەکە ڕەوانەی بەکارهێنەرانی مۆبایلەکان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئەڵمانیا کراوە و لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ڕەوانەی سەرجەم بەکارهێنەرانی دیکەی مۆبایلەکان دەکرێت لە ناوچە جیاوازەکانی دیکەی جیهاندا. ئەگەر پاش ماوەیەکی زۆر وەشانەکەت بۆ ڕەوانە نەکرا، پێویستە لە ڕێگەی کۆمپیوتەرەوە وەشانی Galaxy S9 ـەکەت نوێ بکەیتەوە.

لە ئێستادا وەشانی Android 10 بۆ مۆبایلەکانی Galaxy S10 و S10 Plus و S10E و Note 10 و Note 10 Plus ڕەوانە کراوە، هێشتا ژمارەیەک مۆبایلی دیکە ماون کە وەشانەکەیان بۆ ڕەوانە بکرێت.

چۆنیەتی پشکنین کردن و نوێکردنەوەی وەشان:

  • کردنەوەی ئەپی Settings.
  • کردنەوەی پەڕەی Software update.
سەرچاوە The VergeSam Mobile
بۆچونی تۆ