10
ئینتەرنێت 16, تشرینی دووه‌م 2019 بۆچوون

کۆمپانیای GitHub سەرجەم کۆدە گشتییە سەرچاوەکراوەکان لە نێو کۆگایەکی بەستەڵەکی جەمسەری باکووردا پاشەکەوت دەکات

لە ڕێگەی پڕۆژەیەکەوە، کۆمپانیای GitHub دەیەوێت سەرجەم کۆدە گشتییە سەرچاوەکراوەکان لە نێو کۆگایەکی بەستەڵەکی جەمسەری باکووردا هەڵبگرێت.

لە میانەی بەڕێوەچوونی کۆنگرەی Universe Developer Conference لە 2 ڕۆژی ڕابردوودا، کۆمپانیای GitHub پڕۆژەیەکی نوێی بە ناوی Archive Program ـەوە ڕاگەیاند. پڕۆژەکە تایبەتە بە پاشەکەوتکردن و پاراستنی کۆدە گشتییە سەرچاوەکراوەکان بۆ ماوەی چەند سەدەیەکی داهاتوو. لە پڕۆژەکەدا چەند شوێنێک دیاریکراوە بۆ پاشەکەوتکردنی کۆدە گشتییە سەرچاوەکراوەکان، لە نێویاندا کۆگای ئەرشیفی جیهانی بەستەڵەکی جەمسەری باکوور (Arctic World Archive) بوونی هەیە، کە کۆگایەکە لە یەکێک لە چیاکانی بەستەڵەکی جەمسەری باکوور لە ناوچەی Svalbard بنیادنراوە و مەودای قوڵی بریتییە لە 250 مەتر.

زانیارییە پاشەکەوت کراوەکان کە بریتی دەبن لە کۆدە گشتییە سەرچاوەکراوەکان، لە نێو بیرگەیەکی جۆری فیلمی بە درێژی 3,500 پێ هەڵدەگیرێن کە لە لایەن کۆمپانیای Piql بۆ درووستکردنی بیرگەی زانیارییەکانەوە دابین دەکرێت. بیرگەکە لە توانایدا دەبێت بۆ ماوەی 1,000 ساڵ لە ژیاندا بمێنێتەوە/کار بکات. بەم شێوەیە کۆمپانیای GitHub دەیەوێت بۆ ماوەی 10 سەدەی داهاتوو (1,000 ساڵ) سەرجەم کۆدە گشتییە سەرچاوە کراوەکانی تۆڕەکەی بە زیندوویی بهێڵێتەوە.

کۆمپانیاکە لە نیازیدایە لە مانگی 1 ـی ساڵی داهاتووەوە سەرجەم کۆدە گشتییە سەرچاوەکراوەکانی تۆڕەکەی لە کۆگا ناوبراوەکەدا پاشەکەوت بکات.

گرنگترین کۆدە گشتییە سەرچاوەکراوەکانی نێو تۆڕی GitHub، بریتین لە سیستەمەکانی Android و Linux، لە پاشان ژمارەیەکی زۆری زمانی پڕۆگرامکردن و سەکۆی وێب و ئامرازی ژیری دەستکرد و زیاتر. ئەم پاشەکەوتکردنە، سەرجەم ڕیپۆستۆری و سۆرسەکانی نێو تۆڕەکە دەگرێتەوە، تەنانەت ڕیپۆستۆری و سۆرسەکانی تۆش.

لە نێو کۆگای ئەرشیفی جیهانی بەستەڵەکی جەمسەری باکوور (Arctic World Archive)، چەندین زانیاری جۆراوجۆر لە چەشنەکانی هونەری و مێژووی و جوگرافی و زیاتر هەڵگیراون. هەموو زانیارییە پاشەکەوت کراوەکان یارمەتی بنیادنانەوەی کۆمەڵگە دەدەن لە داهاتوودا.

20 ساڵ لەمەوبەر، بیرۆکەی کۆدە سەرچاوەکراوەکان وەکو بیرۆکەیەکی زۆر گەمژانە چاوی لێ دەکرا، بەڵام لە ئێستادا جیهان لەسەر ئەوە بەندە. کێ دەزانێت تاوەکو 1,000 ساڵی دیکە تەکنەلۆژیا چی بەسەردا دێت؟

سەرچاوە EngadgetCNET
بۆچونی تۆ