10
ئۆتۆمبێل 18, تشرینی دووه‌م 2019 بۆچوون

ئۆتۆمبێلی کارەبایی Ford Mustang Mach-E بە نرخی دەستپێکی 43,895$ ـەوە نمایشکرا

لە درەنگانێکی دوێنێ شەودا لە شاری لۆس ئەنجلێسی ویلایەتی کالیفۆڕنیای ئەمریکا، کۆمپانیای Ford ـی ئەمریکی تایبەت بە بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل، ئۆتۆمبێلی کارەبایی Ford Mustang Mach-E ـی بە نرخی دەستپێکی 43,895$ ـەوە نمایشکرد.

ئۆتۆمبێلی نوێی Ford Mustang Mach-E بنچینەکراوە لەسەر جۆری ئاسایی Mustang و لە چەشنی SUV ـە، هەروەها یەکەم ئۆتۆمبێلی زنجیرەی Mustang ـە کە خاوەن 4 دەرگا بێت، لەو کاتەوەی لە ساڵی 1964 کۆتا ئۆتۆمبێلی 4 دەرگایی Mustang ڕاگەیاندرابوو. ڕاگەیاندنی ئەم ئۆتۆمبێلە کارەباییە، بەشێکە لە پلانە 11 ملیار دۆلارییەکەی Ford کە بریتییە لە گەشەپێدانی 40 ئۆتۆمبێلی نوێ و هایبرید تاوەکو ساڵی 2022.

کۆمپانیاکە 5 جۆری لە ئۆتۆمبێلی کارەبایی Ford Mustang Mach-E ڕاگەیاند، کە بریتین لە جۆرەکانی Select و Premium و California Rt. 1 و GT و First Edition. هەروەها ئۆتۆمبێلە کارەباییەکە بژاردەی سەرجەم ویلی لێخوڕ (AWD) و ویلی لێخوڕی پشتەوە (RWD) ـی لێ بەردەست دەکرێت.

خێرایی و توانا و توانستی پاتری بە پێی جۆرەکان دەگۆڕێت. خێراترین جۆری ئۆتۆمبێلە کارەباییەکە لە توانایدا هەیە لە ماوەی 3 چرکەدا لە 0 بگات بە 100 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا و بە هەبوونی هێزی 459 ئەسپەوە. ئەمەش خێراترە بە بەراورد بە ئۆتۆمبێلەکانی Porsche Macan Turbo و Mustang Shelby GT500 و Tesla Model Y.

ئۆتۆمبێلی کارەبایی Ford Mustang Mach-E توانای هەیە بە یەکجار بارگاویکردنەوە، 337 کیلۆمەتر تاوەکو 482 کیلۆمەتر ببڕێت لە کاتژمێرێکدا. هەروەها بە شێوەیەکی مامناوەند خاوەن پاترییەک دەبێت بە توانستی 75.7 کیلۆ وات/کاتژمێر و بەرزترین توانستی 98.8 کیلۆ وات/کاتژمێر دەبێت.

لە پێشەوەدا، ئۆتۆمبێلەکە خاوەن شوێنێکی بچکۆلانەی تایبەت بە هەڵگرتنی کەلوپەلە، لە دواوەش بە هەمان شێوە، بەڵام قەبارەکەی گەورەترە. دەرچەی بارگاویکردنەوەی لە ئاستی شۆفێر لە بەشی پێشەوەدایە.

لە پشت سووکانەوە، خاوەن ڕوونمایەکە بە قەبارەی 10.2 ئینج کە هەندێک زانیاری تایبەت نیشان دەدات. ڕوونماکە 3 جۆر دەبێت و کڕیار لە کاتی کڕینیدا بە دەست خۆیەتی کام جۆرەی هەڵدەبژێرێت.

هەروەها لە ناوەڕاستدا، خاوەن ڕوونمایەکی گەورە دەبێت بە قەبارەی 15.5 ئینج کە دەتوانرێت لە ڕێگەیەوە کردارەکانی ئۆتۆمبێلەکە و زۆر شتی دیکەی پێ کۆنتڕۆڵ بکرێت.

ئۆتۆمبێلە کارەباییەکە لە ناوەوەشدا خاوەن بارگاویکردنەوەی بێوایەر دەبێت بۆ بارگاویکردنەوەی مۆبایل و ئامێرەکانی دیکە بە شێوەی بێوایەر. کۆمپانیاکە بەڵێن دەدات کە بە بەردەوامی نوێکاری سیستەم ڕەوانەی ئۆتۆمبێلەکە بکرێت و بەمنزیکانەش تایبەتی خۆلێخوڕ هاوشێوەی سیستەمەکانی Autopilot ـی تێسلا و Super Cruise ـی کادێلاک بۆ ئۆتۆمبێلە کارەباییە نوێیەکە زیاد دەکرێت.

نرخی ئۆتۆمبێلی کارەبایی Ford Mustang Mach-E لە 43,895$ ـەوە دەستپێدەکات و بەرزترین نرخیشی دەگات بە 60,500$ کە ئەویش بژاردەی GT ـی ئۆتۆمبێلەکە خاوەن ئەو نرخە بەرزە دەبێت. هەروەها بڕی 7,500$ دەچێتە سەر نرخەکان بە هۆی باجی گومرگی فیدڕاڵییەوە.

وا بڕیارە لە کۆتاییەکانی ساڵی داهاتوودا، ئۆتۆمبێلی کارەبایی Ford Mustang Mach-E لە بازاڕەکانی جیهاندا بەردەست بکرێت و لە سەرەتاشدا تەنها جۆرەکانی First Edition و Premium ـی لێ بەردەست دەکرێت. لە ئێستاوە دەتوانیت کرداری گرتن (حیجزکردن) بۆ ئۆتۆمبێلە کارەباییەکە ئەنجام بدەیت، بەر لەوەی ساڵی داهاتوو بەردەست بکرێت.

چاوەڕوان دەکرێت ئۆتۆمبێلی کارەبایی Ford Mustang Mach-E ببێتە ڕکابەرێکی سەرسەختی ئۆتۆمبێلی کارەبایی نوێی Tesla Model Y.

سەرچاوە The VergeCNBC
بۆچونی تۆ