10
ئەپڵ 19, تشرینی دووه‌م 2019 بۆچوون

ئەپڵ ڕێکەوتی ئەنجامدانی بۆنەیەکی تایبەتی لە شاری نیویۆرک ئاشکرا کرد

بە شێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو، ئەپڵ ڕایگەیاند لە ڕێکەوتی 2 ـی مانگی داهاتوودا بۆنەیەکی تایبەت بە ڕاگەیاندنی ئەپ و یارییە دڵخوازەکانی ساڵی 2019 لە شاری نیویۆرکی ویلایەتی نیویۆرکی ئەمریکا ئەنجام دەدات.

ڕوون نییە کە بۆنەکە بە پەخشی ڕاستەوخۆ دەگوازرێتەوە یان نا، بەڵام لە دوێنێوە کۆمپانیا ئەمریکییەکە بانگهێشتنامەی بۆ میدیا و ڕۆژنامەنووسان ناردووە بە مەبەستی بەژداربوونیان لە بۆنە تایبەتەکەدا. بۆنەکە لە ژێر ناوی ““Loved by millions. Created by the best : لە لایەن ملیۆنانەوە خۆشویسترا، لە لایەن باشترینەوە درووست کرا.” ـدا دەبێت. بۆنەکە تایبەت دەبێت بە ڕاگەیاندنی باشترین ئەپ و یارییەکانی ساڵی 2019 ـی کۆگای App Store لە لایەن ئەپڵەوە.

لە ساڵانی ڕابردوودا، ئەپڵ تەنها لە ڕێگەی بڵاوکراوەوە باشترین ئەپ و یارییەکانی ساڵی کۆگای App Store ـی دیاری کردووە، هەر بۆیە ڕاگەیاندنی بۆنەیەکی لەم شێوەیە لە لایەن ئەپڵەوە، سەرسامکەرانە بوو.

بە شێوەیەکی هەمیشەیی، ئەپڵ بۆنە تایبەتەکانی لە ڕێگەی پەخشی ڕاستەوخۆوە دەگوازێتەوە، ڕوون نییە کە ئەم بۆنەیە پەخش دەکرێت یان نا، چونکە تاوەکو ئێستا بۆنەکە لە پەڕەی تایبەتی بۆنە تایبەتەکانی ئەپڵ لە ماڵپەڕی فەرمی ئەپڵدا ئاماژەی پێ نەدراوە.

چاوەڕوان ناکرێت لە بۆنەکەدا هیچ بەرهەمێکی نوێ لە لایەن ئەپڵەوە نمایش بکرێت.

بۆچونی تۆ