ئەندرۆید
25, تشرینی یەکەم 2023
تەکنەلۆژیای Snapdragon Seamless هەردوو سیستەمی ئەندرۆید و ویندۆز بە شێوەیەکی باشتر پێکەوە یەک دەخات

کواڵکۆم ئەم چەند ڕۆژە سەرقاڵ دەبێت بە نمایش کردنی نوێترین چیپسێتەکانی بۆ ئامێرە جیاوازەکان. ئەمڕۆش چیپسێتی ئاست بەرزی Snapdragon 8 Gen 3 و چەند چیپسێتێتکی دیکەی نمایش کرد. هەروەها تەکنەلۆژیای Snapdragon Seamless ڕاگەیاند کە هەنگاو دەنێت بۆ پێکەوە بەستنی هەموو ئەو ئامێرەکانی ئەندرۆید و ویندۆز لە داهاتوودا.
ئامانجی کواڵکۆم لە دروستکردنی ئەم تەکنەلۆژیایە بریتییە پێشکەش کردنی ئەزموونێکی باشتری Ecosystemـی ئەو ئامێرانەی کە لەلایەن چەند کۆمپانیایەکی جیاوازەوە دروست کراوە کە بە چیپسێتی Snapdragon کار دەکەن.
بەهۆی ئەم تەکنەلۆژیایەوە لە چەند ساڵی داهاتوو لەوانەیە کۆمپیوتەر و مۆبایلەکەت بە شێوەیەکی زۆر سادەتر و ئاسانتر پێکەوە بەکاریهێنیت.
بە پێی ووتەی کواڵکۆم هەندێک لەو ئەزموونانەی کە پێشکەش بە بەکارهێنەر دەکرێت بریتیی دەبن لە کار پێکردنی تەختەکلیل و ماوس لەگەڵ کۆمپیوتەر و مۆبایلەکەت و تابلێتەکەت بەبێ ئەوەی بەردەوام پێویست بکات پەیوەست و ناپەیوەستییان بکەیت. هەروەها گواستنەوەی فایل بە شێوەیەکی ئاسان.
تەکنەلۆژیا نوێیەکە پشتگیری لەو ئامێرانەی ئەندرۆید دەکات کە کار بە چیپسێتی Snapdragon 8 Gen 3 دەکەن، هەروەها ئەو کۆمپیوتەرانەی کە کار بە چیپسێتی Snapdragon X Elite و ئەو بیستۆکانەی کە کار بە چیپسێتی S7 Pro دەکەن. هەروەها هاوبەشەکانیان بریتیین لە مایکرۆسۆفت، ئەندرۆید، شاومی، ئەیسوس، لینۆڤۆ، ئۆنەر و ئۆپۆ.
موحەمەد نەجات
نوسەری پێشکەوتوو لە ماڵپەڕی کەی ئای تی ئێن، دەرچووی بەشی سیستەمی زانیاری کارگێڕی.